Accessibility links

هونەرمەند توماج ساڵحی لە زینداندا زیاتر سنووردار دەکرێت


لە هەژماری تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی تومانج ساڵحی، کە لەلایەن لایەنگرانییەوە بەڕێوە دەبرێت، ڕۆژی سێشەممە ڕاگەیەندراوە ئەو هونەرمەندە ڕاپەی لەلایەن دەسەڵاتدارانی ئێرانەوە سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە، بێبەشکراوە لە مافی پەیوەندی تەلەفۆنی لە زینداندا.

ساڵحی تەمەن 33 ساڵ کە بە توماج ناسراوە، هەفتەی ڕابردوو سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، لە بڕیارێکدا کە چالاکوانان وەک تۆڵەسەندنەوەیەک لێی دەڕوانن بەهۆی وتی گۆڕانییەک بۆ پشتیوانی کردن لە خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ساڵی 2022.

ئەو ڕاپەرە کە پێش دەستگیرکردنیشی کەسایەتییەکی دیار بووە لە نێو لاوانی ئێراندا، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی "گەندەڵی لەسەر زەوی" لەلایەن دادگای شۆڕشی ئێرانەوە سزا دراوە.

پارێزەرەکانی داوای پێداچوونەوە بە بڕیارەکەدا دەکەن.

ئەکاونتی فەرمی ئەو هونەرمەندە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس کە پێشتر تویتەر بوو، کە لە دوای زیندانیکردنیەوە لەلایەن کارگێڕێکەوە بەڕێوەدەبرێت، دەڵێت "مافی تەلەفۆنی توماج لە زیندانی دەستگردی ئەسفەهان ڕاگیراوە، ئەمەش مانای ئەوەیە پەیوەندی لەگەڵ خێزانەکەی و جیهانی دەرەوە پچڕاوە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "جگە لەوەش، لە هەنگاوێکدا کە مەبەست لێی دروستکردنی زۆرترین فشاری دەروونییە، لە هەموو زیندانییەکانی دەستگرد قەدەغەکراوە قسەی لەگەڵدا بکەن، و هەڕەشەی سزای توندیان لێکراوە ئەگەر قسە بکەن".

دەشڵێت "ئەمە پێشێلکارییەکی گەورەیە بۆ مافەکانی مرۆڤی توماج، و دەبێت دەستبەجێ بوەستێت".

پەرلەمانتاری ئەڵمانی یە-ون ڕای کە بەدواداچوون بۆ دۆسیەکەی توماج دەکات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی "بۆ ئەوەی ڕوون بێت: ئەم کارە ئەشکەنجەیە".

لە کۆتایی هەفتەی ڕابردوودا خۆپیشاندان لە بەشێکی زۆری سەرانسەری جیهان لە ناویاندا شارەکانی وەکو تۆرانتۆ، پاریس و سیدنی ئەنجام درا و داوا لە ئێران کرا ژیانی ئەو هونەرمەندە ڕاپەرە ببەخشێت و ئازادی بکات.

ساڵحی لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 دا دەستگیرکرا و سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، بەهۆی بەشداریکردنییەوە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی، بەڵام دواتر ئازادکرا، پاش دوای ئەوەی دادگای باڵای ئێران بڕیاریدا کە کەموکورتی هەیە لە سزاکەدا.

ساڵحی لە 30 ی مانگی یانزەی ساڵی 2023 دا دەستگیرکرایەوە، بەهۆی دەربڕینی بۆچوونی خۆی لەسەر حکومەتی ئێران و ئاشکراکردنی ئەوەی کە لە ماوەی زیندانیکردنیدا ئەشکەنجە دراوە و بۆ ماوەی 252 ڕۆژ خراوەتە زیندانی تاکەکەسییەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG