Accessibility links

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانن سەبارەت بە سزای مەرگ دژی هونەرمەندێک لە ئێران


توماج ساڵحی
توماج ساڵحی

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی هەینی داوای دەستبەجێ ئازادکردنی گۆرانیبێژ توماج ساڵحیییان کرد و داوایان لە کاربەدەستانی ئێران کرد بڕیاری سەپاندنی مەرگ بەسەر ساڵحیدا هەڵبوەشێننەوە.

شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان "ڕەخنەگرتن لە سیاسەتی حکومەت، لە ڕێی دەربڕینی هونەریشەوە لە ژێر مافەکانی ئازادی ڕادەربڕیندا پارێزراوە. نابێت وەکو تاوان سەیر بکرێت. لە هەر کۆمەڵگەیەکدا بێت دەبێت ڕێگە بە هونەر بدرێت ڕەخنە بگرێت، ڕێگەی بدرێت شتەکان بووروژێنێت، ڕێگەی بدرێت فشار بخاتە سەر سنوورەکان."

وتیشیان " ئێمە نیگەرانین سەبارەت بە سەپاندنی سزای مەرگ بەسەر بەڕێز ساڵحیدا و هەروەها ئەوەی کە گوایە خراپ مامەڵەی لەگەڵدا کراوە، ساڵحی وادەردەکەوێت کە تەنها مافی خۆی بۆ ئازادی ڕادەربڕین بە شێوەیەکی هونەری و داهێنەرانە جێبەجێ کردووە."

وتی " ئەگەر گۆرانییەکانی بەڕێز ساڵحی توندیش بن بۆ حکومەت، تەنها بەکارهێنانی ئازادی هونەریی و کلتوریی بوون."

ساڵحی لە مانگی 10 ی ساڵی 2022 دا دەستگیرکرا و سزای شەش ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندرا، ئەوەش بەهۆی بەشداریکردنییەوە لە خۆپیشاندانەکانی ساڵی 2022 دا لەسەر مەرگی ژینا ئەمینی، بەڵام دواتر ئازادکرا، ئەوەش دوای ئەوەی دادگای باڵای ئێران بڕیاریدا کە کەموکورتی هەیە لە سزاکەدا. بەڵام ساڵحی لە 30 ی مانگی یانزەی ساڵی 2023 دا دەستگیرکرایەوە، ئەوەش بەهۆی دەربڕینی بۆچوونی خۆیەوە لەسەر حکومەتی ئێران و ئاشکراکردنی ئەوەی کە لە ماوەی زیندانیکردنیدا ئەشکەنجە دراوە و بۆ ماوەی 252 ڕۆژ خراوەتە زیندانی تاکەکەسییەوە.

دوو هەفتە دوای ئەوەی ساڵحی ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە و باسی لەم وردەکارییانە کرد، دووبارە دەستگیرکرایەوە و گواسترایەوە بۆ زیندانێک لە ئەسفەهان و بە تۆمەتی " بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت " تۆمەتبار کراوە و لەمدواییانەدا سزای مەرگی بەسەردا سەپێندراوە.

سزا توندەکەی ساڵحی لە کاتێکدایە کە کۆتوبەندێکی زۆر سەپێندراوە بەسەر ئازادی هونەری و شێوازەکانی دیکەی دەربڕیندا لە وڵاتەکەدا. شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان وتییان " زانیارییمان بە دەست گەیشتووە لەسەر ئەوەی کە شتێکی زۆر باوە بۆ هونەرمەندان و چالاکەوانان و ڕۆژنامەنووسان دەستگیربکرێن و تۆمەتی وەکو ' بڵاوکردنەوەی هەواڵی نادروست یاخود پڕوپاگەندە دژی دەوڵەت ' بخرێتە پاڵییان."

وتیشییان " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە بە تاوانکردنی مافی ڕەوای دەربڕینی هونەرییەوە. لە سێدارەدان دوابەدوای دادگاییکردنی نادادپەروەرانە زەوتکردنی مافی ژیانە بە شێوەیەکی زۆرەملێ."

شارەزایان دەڵێن لە دوای دەستگیرکردنییەوە لە ساڵی 2022 دا چەندین جار لەگەڵ کاربەدەستانی ئێرانیدا باسییان لە دۆسییەکەی تووماج ساڵحی کردووە.

سەرچاوە/ماڵپەڕی نەتەوە یەکگرتووەکان

XS
SM
MD
LG