Accessibility links

سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ زیندانییەک لە ئێران کاردانەوەی ناوچەیی و جیهانی لێدەکەوێتەوە


سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ توماج ساڵحی، گۆرانیبێژی ناڕازی لەلایەن دادگای شۆڕشی شاری ئەسفەهانی ئێرانەوە کاردانەوەی بەربڵاوی لە ناوخۆ و دەرەوەی ئێران بەدوای خۆیدا هێناوە.

ئەمیر ڕەئیسیان، پارێزەری تۆماج ساڵحی ڕۆژی چوارشەممە، 24ی مانگی چوار لە چاوپێکەوتنێکدا ڕایگەیاند کە دادگای ئینقلابی ئەسفەهان لە هەنگاوێکی دەگمەندا بڕیارێکی دادگای باڵای ئێرانی سەبارەت بەو گۆرانیبێژە هەڵوەشاندووەتەوە سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپاندووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم ڕاپۆرتە کاردانەوەی دەسەڵاتدارانی ئەمەریکای بەدوای خۆیدا هێناوە.

ڤێدانت پاتەل، جێگری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا وێڕای سەرکۆنەکردنی ئەو سزایە کە لە دژی توماج ساڵحی دەرچووە، ڕایگەیاندووە کە ئەمە "نموونەیەکی دیکەی پێشێلکردنی ترسناک و بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لەلایەن ڕێژیم لە ئێرانەوە."

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند کە ئەمەریکا لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ ئەو ڕاپۆرتانە دەکات سەبارەت بە بارودۆخی توماج ساڵحی و گوتیشی ئێمە ڕێگای زۆرمان لەبەردەستیدایە بۆ گوشارخستنە سەر حکومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ پێشێلکارییە ڕژدەکانی مافەکانی مرۆڤ لە ئێراندا.

هەروەها ئەبرام پیلی، جێگری نێردەی ئەمەریکا بۆ کاروباری ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" نووسیویەتی "بە توندی سەپاندنی سزای لەسێدارەدان بۆ توماج ساڵحی و سزای پێنج ساڵ زیندانیکردن بۆ سامان یاسین، ڕاپەری کورد لە ئێران سەرکۆنە دەکەین و داوای ئازادکردنی دەستبەجێی هەردوویان دەکەین."

سامان یاسین، گۆرانیبێژی کورد کە پێشتر سزای لەسێدارەدانەکەی هەڵوەشێندرابووە، بە بڕیارێکی دادگای ئینقلابی تاران، بە 5 ساڵ زیندانیکردن لە یەکێک لە شارەکانی پارێزگای کرمان سزا دراوە.

رێکخراوی هیومەن ڕایتس واچ، لە کاردانەوە بە سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی لە بەیاننامەیەکدا پرۆسەی یاسایی دۆسیەکەی توماجی بە پێشێلکردنی گەورەی ئازادییە بنەڕەتییەکان و مافی دادگاییکردنی دادپەروەرانە ناوبرد.

هیومەن ڕایتس واچ جەختی لە دژایەتی خۆی بۆ سزای لەسێدارەدان کردەوە و سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی بە دوایین نموونەی "سیستەمی بێبەزەیی دادوەری" کۆماری ئیسلامی ئێران لەقەڵەمدا و خوازیاری ئازادکردنی دەستبەجێی ئەو هونەرمەندە بوو.

بڵاوبوونەوەی هەواڵی سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی، شەپۆلێکی کاردانەوەی لە نێو خەڵکی ئێرانیشدا لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات لێکەوتوەتەوە.

کەیهان کەلهوڕ، میوزیکژەنی ناودار لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام لە کاردانەوە بە سزای لەسێدارەدانی توماج ساڵحی نووسیویەتی "توماج ساڵحی دەبێت ئازاد بکرێت، بێدەنگی ئێمە بە واتای پشتیوانیکردن لە ستەم و ستەمکارییە".

عەبدوڵڵا موهتەدی،سکرتێری گشتیی کۆمەڵەی کوردستانی ئێران لە هەژماری تایبەتی خۆی لە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X" لە کاردانەوە بە سزاکەی توماج ساڵحی نووسیوێتی "ئەمە سزایەکی باوەڕپێنەکراو و دڕندانە و شەرمەزارکەرە بۆ ڕاپەرێکی گەنج کە بە خێرایی بوو بە دەنگی خەڵک و دەنگی ئازادی. توماج کە جگە لە گۆرانی وتن هیچ چەکێکی نەبووە، ئازارە هاوبەشەکانی هەموومانی هاوار دەکرد و هێمای ئەو بوێری و خۆڕاگریشە کە هەموومان ئاواتەخوازینی."

زۆرێک لە چالاکوانی سیاسی مەدەنی هۆشداری ئەوەیان داوە کە حکومەتی ئێران بە شێوازی جۆراوجۆر "ئاڵوودەی" توندوتیژی بووە و هێڵە سوورەکانی خەڵک دەبەزێنێت.

یەکەم دانیشتنی دۆسیەی توماج ساڵحی ساڵی 2023ی بە تۆمەتی "هاندانی خەڵک بۆ کردەوەی توندوتیژانە لە ڕێگەی کۆمپیوتەرەوە" و هەرەها بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی درۆ لە سوشال میدیا" لە دادگای تاوانەکانی ئەسفەهان بەڕێوەچوو.

لە مانگی حەوتی ساڵی ڕابردوو ڕاگەیەندرا کە دادگای ئینقلابی ئەسفەهان توماج ساڵحی بە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر زەوی (افساد فی‌الارض) بە شەش ساڵ و سێ مانگ زیندانیکردن سزا داوە.

دادگای باڵای ئێران دوای ماوەیەک سزاکەی توماج ساڵحی هەڵوەشاندەوە، بەڵام پارێزەرەکەی ساڵی ڕابردوو ڕایگەیاند کە تەنانەت دوای هەڵوەشاندەوە سزاکە لە لایەن دادگای باڵاوە، بەڵام دادگای ئینقلابی ئەسفەهان دۆسیەکەی ئەو هونەرمەندەی بۆ داواکاری گشتی ئەسفەهان گەڕاندووەتەوە.

توماج ساڵحی، ڕاپەری زیندانیکراو لە مانگی یازدەی ساڵی ڕابردوو بە هۆی ڕەخنە گرتن لە حکومەت لە رێگای گۆڕانییەکانییەوە، دوای ساڵێک و 21 رۆژ دەستبەسەرکردنی بە کەفالەت ئازادکرا، بەڵام تەنها 12 ڕۆژ دواتر و دوای بڵاوبوونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا باسی لە ئەشکەنجەدانی لە زینداندا کردبوو، دەستگیر کرایەوە.

XS
SM
MD
LG