Accessibility links

بایدن یاسای دژ بە بازرگانیکردن بە ماددەی کاپتاگۆن لە سوریا واژۆ دەکات


لەو پاکێجەی یارمەتییە دەرەکییەدا کە جۆو بایدن سەرۆکی ئەمەریکا ڕۆژی چوارشەممە واژۆی کرد، یاسایەک هەیە کە بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان لە سوریا دەکاتە ئامانج.

یاسای دژە قاچاخچێتی بە کاپتاگۆن، بەشێکە لە پاکێجێک کە هاوکاری سەربازی و هاوکارییەکانی دیکە پێشکەش بە ئۆکرانیا و ئیسرائیل و تایوان دەکات. ئەو یاسایە ڕێگە خۆشدەکات بۆ سەپاندنی سزای نوێ بەسەر کەس و ڕێکخراوەکانی سەر بە ڕژێمی بەشار ئەسەد، سەرۆک کۆماری سوریا،کە دەستیان لە قاچاخچێتی و بازرگانیکردن بە کاپتاگۆنەوە هەیە.

کاپتاگۆن ماددەیەکی هۆشبەرە و بە شێوەیەکی خراپ بەرهەم دەهێندرێت و لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕی سوریاوە لە ساڵی 2011، ئەو وڵاتە بووەتە ناوەندێکی ناوچەیی بۆ بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کەپتاگۆنەوە.

ڕێکخراوی تیمی فریاکەوتنی سوریا کە لە واشنتۆن کاردەکات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە، "ئەمە هەنگاوێکی باشە بۆ لێپرسینەوە و ڕێگریکردن و لەناوبردنی ئەم جۆرە بازرگانییە نایاساییەی ئەسەد لە سوریا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا".

ئەم بڕیارە وەک درێژەپێدەری ئەو کارانەی پێشووی کۆنگرێس بۆ بە ئامانجگرتنی فرۆشتنی کاپتاگۆن لە سوریا سەیر دەکرێت.

محەممەد عەلا غانم، کاروباری سیاسی لە هاوپەیمانی ئەمەریکی بۆ سوریا (ACS) بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو بڕیارە دوای داواکاری ڕەوەندی سوریایی- ئەمەریکایی بوو بۆ "ڕووبەڕووبوونەوەی تێوەگلانی بەرفراوانی ئەسەد لە بازرگانی کاپتاگۆن، کە بە شێوەیەکی کارەساتبار سوریای کردووە بە دەوڵەتێکی ماددە هۆشبەرەکان".

غانم گوتیشی "دڵخۆشین کە ئەم بڕیارە ئێستا بووەتە یاسا. خستنەڕووی لە پاکێجێکی یاسایی گشتگیردا کە سەرۆک کۆمار واژۆی لەسەر کردووە، پابەندبوونی کۆنگرێس بە ئامانجەکانی یاسای ڕەسەنی کاپتاگۆن نیشان دەدات کە لە ساڵی 2022 پەسەند کرا."

ئەم یاسایە لە سەرەتادا لەلایەن ئەندامی کۆنگرێس فرێنچ هیڵ لە ویلایەتی ئەرکانساوە پێشنیار کراوە. هیڵ لە پۆستێکدا لە پلاتفۆرمی ئێکس ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاندووە کە "ئێستا کە بڕیارەکەم بووەتە یاسا، ئەوانەی ڕاستەوخۆ بەشدارن لە دابەشکردنی ئەم ماددە مەترسیدارە، دەکرێنە ئامانج و سزا دەدرێن".

دەشڵێت "گرنگە هەنگاوی زیاتر بنێین بۆ ڕاگرتنی بەرهەمهێنان و بازرگانیکردن بە کاپتاگۆن، چونکە بە ملیاران داهاتی نایاسایی بۆ ڕژێمی ئەسەد دابین دەکات و خێزانەکانی ناوچەکە لەناو دەبات."

ئێران و گرووپی چەکداری حزبوڵای لوبنان کە پشتیوانی حکومەتی سوریا دەکەن، دەستیان لە فرۆشتنی کاپتاگۆن لە سوریا هەیە. چاودێران باس لەوە دەکەن کە ئەم بازرگانییە پارەی بۆ چالاکییە سەربازییەکانی ئێران لە ناوچەکەدا مسۆگەر کردووە.

کارۆلین ڕۆز، توێژەر لە ئینستیتیوتی نیولاینز لە واشنتن ڕایگەیاند، ئەم یاسایە بەشێکە لە ستراتیژییەکی فراوانتری ئەمەریکا بۆ ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی کەپتاگۆن و قاچاخچێتی کردن بە ماددەکە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

ڕۆز بە دەنگی ئەمەریکای وت "ئێمە لە ساڵانی ڕابردوودا دوو خولی سزامان بینیوە کە لەلایەن وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکاوە سەپێنراوە بەسەر کەسانی پەیوەندیدار بە کاپتاگۆن، بۆیە ئەم یاسایە زیاد دەکات بۆ ستراتیژی دەزگاکانی حکومەتی ئەمەریکا بۆ دەستنیشانکردن و بە ئامانجکردنی زیاتری بەرهەمهێنەران و قاچاخچییەکانی کاپتاگۆن."

XS
SM
MD
LG