Accessibility links

ڕوانگەی سوریا: ئوردن هێرش دەکاتە سەر قاچاخچییەکانی دەرمان لە سوریا و 5 کەس دەکوژرێن


ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە چاودێری ململانێکانی ناو سوریا دەکات وتی ئوردن هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر قاچاخچییەکانی دەرمان لە سوریا و پێنج کەسی کوشتووە، دوو منداڵ و ژنێکیش لە نێو کوژراوەکاندا بوون.

ڕاپۆرتەکەی ڕوانگەی سوریا کە بنکەکەی لە بەڕیتانیایە دوای ئەوە بوو سوپای ئوردن ڕایگەیاند لە ڕۆژی دووشەممەوە چەندین " قاچاخچی دەرمان " لە ڕووبەڕووبوونەوەیەکدا لەگەڵ پاسەوانانی سنووری ئوردن لە بەرەی باکووری سنوورەکە لەگەڵ سوریادا کوژراون یاخود بریندار بوون.

ڕوانگەکە وتی " شەوی ڕابردوو لە هێرشێکی ئاسمانی فڕۆکە جەنگییەکانی ئوردندا بۆ سەر کێڵگەیەک لە پارێزگای سوەیدای سنووریی، چوار کەس کوژراون، ژن و منداڵێکیشیان تێدایە."

ڕوانگەی سوریا بۆ مافەکانی مرۆڤ کە لە ڕاپۆرتەکانیدا پشت بە تۆڕێکی سەرچاوەکان دەبەستێت لە ناو سوریادا، وتی هێرشەکان ئەو ناوچانەیان کردووەتە ئامانج کە لەسەر سنووری نێوان ئوردن و سوریان، " کە قاچاخچییەکانی دەرمان لەوێ کارەکانییان دەکەن."

وتیشی پێنجەمین کەس لە هێرشێکی ئاسمانی جیادا کوژراوە کە کراوەتە سەر کێڵگەیەکی دیکە کە خاوەنەکەی فەیسەڵ ئەل سەدییە، ئەل سەدی قاچاخچییەکی دەرمانە و دەوترێت پەیوەندییەکی نزیکی لەگەڵ حیزبوڵای لوبنان و بەشی ئاسایشی حکومەتی سوریادا هەیە.

سوپای ئوردن وتی چەند پاسەوانێکی سنووری ئوردنیش لە ڕووبەڕووبوونەوەکاندا بریندار بوون.

لەم چەند ساڵەی ڕابردوودا هێزەکانی ئاسایشی ئوردن ڕێوشوێنەکانی پاراستنی سنوورەکەیان توندتر کردووەتەوە، هەندێک جاریش ڕایدەگەیەنن کە هەوڵەکانی قاچاخی دەرمان و چەکییان لە سوریاوە بەرپەرچ داوەتەوە.

یەکێک لەو دەرمانە هۆشبەرانەی کە قاچاخی پێوە دەکرێت کاپتاگۆنە، کاپتاگۆن لە وڵاتانی کەنداودا خواستێکی زۆری لەسەرە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG