Accessibility links

سامان یاسین لە ناوەندێکی دەروونییەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆ زیندانی قزلحەساری کەرەج


سامان یاسین ناسراو بە سامان سەیدی کە لە بەندیخانەی قزلحەساری کەرەجەوە گوازرابووەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی ئەمین ئاباد، پاش هەفتەیەک گەڕێندرایەوە بۆ زیندانەکە.

بە پێی سەرچاوەیەکی بەشی فارسی دەنگی ئەمەریکا، سامان یاسین ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە 10ی مانگی سێ گەڕێندراوەتەوە بۆ گرتوخانەی قزلحەسار و لە ماوەی ئەو یەک هەفتەیەی کە لە نەخۆشخانەی دەروونی ئەمین ئاباد زیندانی کرابوو، " دەستوپێی بە قەرەوێڵەی نەخۆشخانەکەوە بەسترابووەوە."

سەرچاوەکە دەشڵێت، دوای گەڕانەوەی بۆ زیندان، سامان یاسین ڕایگەیاندووە، لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا هێندەی لە زیندان بووە هەراسان کراوە و "تەنانەت ناچار بووە توالێتیش بە دەست و پێ بەستراوی بەکاربهێنێت".

بە وتەی سەرچاوەکە "بەر لە ناردنی سامان یاسین، بەرپرسانی زیندان بەڵێنیان بە هاوکارەکانی داوە کە کەلەپچە و زنجیرەکانی پێی لێ دەکرێتوە" ئەم زیندانییە سیاسییە بۆ "چارەسەر" دەنێردرێت.

سەرچاوەیەکی نزیک لە سامان یاسین جەختی لەوە کردەوە " پێی گوتراوە ئەم جۆرە مامەڵەیە فەرمانی ڕاستەوخۆی بەڕێوەبەری گشتی زیندانەکانە." دەشڵێت" ئەمە جۆرێکی نوێی ئەشکەنجەدانی زیندانیانی سیاسییە."

سامان یاسین، هەفتەی ڕابردوو جارێکی دیکە لە زیندانی قەزاڵحسار کەرەجەوە بۆ نەخۆشخانەی دەروونی ئەمین ئاباد گواسترایەوە.

سامان یاسین ناسراو بە سامان سەیدی کوردێکی خەڵکی کرماشانە و هونەرمەندی ڕاپە. ئەو لە 2 ی مانگی 10 لە میانەی خۆپیشانانە ناڕەزایەتییەکانی تاراندا لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیر کرا.

بە پێی تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان گواستنەوەی دووبارەی سامان یاسین بۆ نەخۆشخانەی دەروونی ئەمین ئاباد لە کاتێکدایە کە خۆی پێشتر لە فایلێکی دەنگیدا، سەبارەت بە خەواندنی زۆرەملێی لەم نەخۆشخانەیەدا وتبووی «دوای گواستنەوەم بۆ نەخۆشخانەی ئەمین ‌ئاباد، چەند سەرباز و فەرمانبەرێکی زیندان بە زۆر بە تەختی نەخۆشخانەکەیانەوە بەستم، دەستەکانم بە کەلەبچە و قاچەکانم بە پێبەند، دەرزییەکیان لێ دام، لە قۆڵیان دام، کە تا 24 کاتژمێر بێهۆش کەوتم".

لە کۆتایی مانگی دوودا سامان نامەیەکی کراوەی بۆ سەرۆکی دەزگای دادوەری ئێران نارد و تیایدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە 18 مانگە لە دۆخێکی هەڵپەسێردراودا لە زیندانەکانی تاران و کەرەجدا جێگۆڕکێی پێدەکرێت نوسیویشیەتی " لەم هەژدە مانگەدا چەندین جار کاتی دادگایی کردنم دیاری کراوە بەڵام ئەنجام نەدراوە و هەڵوەشاوەتەوە. ئێستاش بە دەست کێشەی ڕۆحی و دەروونیی و جەستەییەوە دەناڵێنم و بەرپرسانی بێکەڵک و بێتوانا نەنانەت نەیانتوانیوە ڕەوانەی ناوەندێکی پزیشکیشم بکەن."

سەرچاوە: دەنگی ئەمەریکا، تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان

XS
SM
MD
LG