Accessibility links

لە ئەمەریکا لە هەر چوار کەس، یەک کەس تا کۆتایی تەمەنی کار دەکات و ناتوانێت خانەنشین بێت


بەپێی ئامارێکی ڕێکخراوی ئارپ لە ئەمەریکا نزیکەی یەک کەس لە هەر چوار کەسێکی پێگەیشتوو لە ئەمەریکا لە تەمەنی 50 ساڵەوە بۆ سەرەوە کە هێشتا خانەنشین نەبوون دەڵێن پێشبینی ناکەن هەرگیز خانەنشین بن، لە سەدا 70 ش نیگەرانن سەبارەت بەوەی نرخەکان لە داهاتەکانییان خێراتر بەرز دەبێتەوە. ڕێکخراوی ئاڕپ لە ئەمەریکا سەنگ دەخاتە سەر ئەو پرسانەی کە کاردەکەنە سەر ئەو کەسانەی کە تەمەنییان لەسەروو پەنجا ساڵەوەیە.

بەپێی توێژینەوەیەک کە ڕۆژی چوارشەممە لەلایەن ڕێکخراوەکەوە بڵاوکرایەوە، لە کۆی 4 کەس نزیکەی یەک کەسییان دەڵێن هیچ پاشەکەوتێکییان نیە بۆ کاتی خانەنشینبوونییان، ڕێکخراوەکە پیشانی دەدات کە چۆن بەساڵاچووانی ئەمەریکا تا دێت زیاتر نیگەران دەبن لەسەر دابینکردنی پێداویستییەکانییان.

خەرجی ڕۆژانە و نرخەکانی نیشتەجێبوون و کرێ و قەرزی خانووبەرە، گەورەترین هۆکارن لەسەر ئەوەی کە خەڵکەکە ناتوانن پارە بۆ کاتی خانەنشینبوونییان پاشەکەوت بکەن.

ئەم داتایە گرنگ دەبێت بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمساڵ لە ئەمەریکادا، لە کاتێکدا کە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدنی دیموکرات و دانۆڵد ترامپی کۆماریی ڕکابەری هەوڵ دەدەن لە ڕێی سیاسەتە پێشنیارکراوەکانییانەوە دەنگی بەساڵاچووانی ئەمەریکایی بە دەستبهێنن، کە ڕێژەی دەنگدان لە نێویاندا هەمیشە زۆر بووە.

خەرجی ڕۆژانە ڕێگری دەکات لە پاشەکەوت کردن

توێژینەوەکەی ئاڕپ بەپێی ئەو چاوپێککەوتنانە بووە کە لەگەڵ زیاتر لە 8000 کەسدا ئەنجام دراون، ئەوەش بە هەماهەنگی لەگەڵ ناوەندی نۆرک بۆ توێژینەوەی کاروباری گشتی، توێژینەوەکە دەریدەخات کە یەک لەسەر سێی ئەو پێگەیشتووانەی کە کرێدت کاردیان پێیە قەرزی کارتەکەیان زیاتر لە 10,000 دۆلارە و لە سەدا 12 شییان 20,000 دۆلار یاخود زیاترە. لەگەڵ ئەوەشدا لە سەدا 37 نیگەرانن سەبارەت بە خەرجییە سەرەتاییەکانی ژیان وەکو خۆراک و نیشتەجێبوون.

ئیندیرا ڤێنکاتیسوارنی جێگری باڵای سەرۆکی توێژینەوەکەی ئاڕپ دەڵێت " زۆرێک لە خەڵکەکە دەستییان بە بژاردەکانی پاشەکەوتکردن ناگات، ئەمەش لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخەکاندا وادەکات خەڵکەکە قورس بێت بۆیان بڕیار بدەن کەی خانەنشین ببن. خەرجی ڕۆژانە بەربەستی گەورەیە لەبەردەم پاشەکەوتکردنی پارەی زیاتردا بۆ کاتی خانەنشین بوون، هەندێک لە ئەمەریکاییە بەساڵاچووەکان دەڵێن هەرگیز پێشبینی ئەوە ناکەن خانەنشین بن."

دەیڤد جۆنی ڕاوێژکاری باڵای سیاسەتی ستراتیژی لە ناوەندی سیاسەتی گشتی ئاڕم دەڵێت " زیادبوونی مانەوەی کرێکارانی بە تەمەنتر دەبینین لە هێزی کاردا. بەشێکی هۆکاری ئەمە ئەوەیە کە پاشەکەوتێکی گونجاوییان نیە بۆ کاتی خانەنشینبوونییان. ئەوە کێشەیە و ڕەنگە بەردەوامیش بێت."

بەپێی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2022 ی کۆنگرێس، داتاکانی سەرژمێری کە ڕۆژی سێشەممە بڵاوکرانەوە دەریدەخەن کە دەنگدەرانی تەمەن 65 ساڵ و بۆ سەرەوە لە سەدا 30.4 ی دەنگەکانییان پێکهێناوە، هاوکات گەنجان لە سەدا 11.7 ی دەنگەکانی پێکهێناوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG