Accessibility links

ترامپ جارێکی دیکە فەرمانی قەدەغەکردنی قسەکردن پێشێل دەکات


ڕۆژی دووشەممە دادوەرێکی نیویۆرک لە دۆسییەی دادگایی دانۆڵد ترامپدا بە تۆمەتی سوکایەتیکردن بە دادگا ترامپی تۆمەتبار کرد، ئەوەش دوای ئەوەی ترامپ فەرمانی قەدەغەکردنی قسەکردنی لە دادگاکەدا پێشێل کرد کە قەدەغەی دەکات لەسەری هێرش بکاتە سەر شایەتحاڵەکان لە دۆسییەکەدا، دادوەرەکە هۆشداریدایە کە دەکرێت زیندانی بکرێت ئەگەر بەردەوام بێت لە پشتگوێ خستنی فەرمانەکە.

دادوەری دادگای باڵای نیویۆرک خوان مێرچان لە سێیەمین هەفتەی دادگاییکردنی ترامپدا بڕیاریدا، کە تێیدا ترامپ تۆمەتبارە بە ساختەکردنی تۆمارە بازرگانییەکانی لە ڕێکخراوی ترامپ بۆ خانووبەرە بۆ شاردنەوەی پێدانی 130,000 دۆلار بۆ بێدەنگکردنی ئەستێرەی فیلمی پۆڕن ستۆرمی دانیێڵز پێش سەرکەوتنەکەی لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2016 دا، ئەوەش لە پێناو ئەوەی دانیێڵز ئەوە ئاشکرا نەکات کە 10 ساڵ لەوەوبەر بۆ یەک شەو لەگەڵ ترامپدا بووە.

ترامپ بانگەشەکانی ستۆرمی دانیێڵز و سەرجەم 34 تۆمەتەکەی دیکەی ڕەت کردووەتەوە. بەڵام مێرچان هۆشداریدایە و وتی پێشێلکردنی فەرمانی قەدەغەکردنی قسەکردن لەلایەن ترامپەوە " هێرشێکی ڕاستەوخۆیە بۆ سەر سەروەریی یاسا. ناتوانم ڕێگە بدەم ئەوە بەردەوام بێت."

مێرچان وتی " دوایین شت بمەوێت بیکەم " ئەوەیە ترامپ بخەمە زیندانەوە، بەڵام ئەو کارە دەکات ئەگەر ناچار بێت. وتی " تۆ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایت و ڕەنگە ببیتە سەرۆکی دواتریش."

مێرچان لەسەر پێشێلکردنی فەرمانەکە بە بڕی 1000 دۆلاری دیکە غەرامەی ترامپی کرد، هەفتەی پێشووش بە بڕی 9000 دۆلار غەرامەی کرد لەسەر ئەوەی پێشتر نۆ جار فەرمانی قەدەغەکردنی قسەکردنی پێشێل کردووە. هەفتەی ڕابردوو مێرچان دانی بەوەدانا کە سزاکە شتێکی بچووکە بۆ ملیاردێرێکی وەکو ترامپ.

ڕۆژی دووشەممە دادگاییکردنەکە دەستپێدەکاتەوە، دەستەی سوێندخۆرانی دادگاکە کە لە 12 کەس پێکهاتوون هێشتا دەبێت گوێبیستی دوو شایەتحاڵی گرنگی دیکە بن لە دۆسییەکەدا دژی دانۆڵد ترامپدا، یەکێکییان پارێزەرەکەی پێشوویەتی، مایکڵ کۆهین، ئەوی دیکەیان دانیێڵزە.

ترامپ یەکەمین سەرۆکی پێشووی ئەمەریکایە کە ڕووبەڕووی تۆمەتی تاوان بووبێتەوە. لێکۆڵەرەوان دەڵێن ئەو پارەیەی کە داوییەتی بە دانیێڵز بۆ ئەوە بووە کە باسی ئەوە نەکات کە پەیوەندی هەبووە لەگەڵ ترامپدا، لە کاتێکدا کە دەنگدەران هەشت ساڵ لەمەوبەر بەرەو سندووقەکانی دەنگدان دەڕۆیشتن.

ترامپ تۆمەتەکانی ڕەت کردووەتەوە، بەڵام ئەگەر تاوانبار دەربچێت ئەوا لە ژێر چاودێریدا دەبێت یاخود سزای زیندانیکردنی بۆ ماوەی چوار ساڵ بەسەردا دەسەپێندرێت. ترامپ بە شێوەیەکی بەرچاو ئەگەری هەیە ببێتە بەربژێری کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 ی ئەمەریکا، کە بڕیارە لە 5 ی مانگی یانزەدا بەڕێوەبچێت و دووبارە ڕووبەڕووی سەرۆک جۆو بایدنی بەربژێری دیموکراتەکان ببێتەوە کە لە ساڵی 2020 دا بەسەر ترامپدا سەرکەوت.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG