Accessibility links

کەپسولێکی ناسا بە نموونەیەکی ئەستێرە بچووکەکانەوە دوای حەوت ساڵ دەگەڕێتەوە سەر زەوی


دوای گەشتێکی حەوت ساڵەیی بۆ واڵایی ئاسمان، ڕۆژی یەکشەممە کەپسولێکی ناسا لە بیابانێکی ویلایەتی یوتای ئەمەریکا دەنیشێتەوە، کەپسولەکە، گەورەترین نموونەی ئەستێرە بچووکەکانی لەگەڵ خۆیدا هێناوەتەوە، کە بۆ یەکەمین جارە ئەو نموونانە بەو گەورەییە کۆبکرێنەوە.

زانایان ئومێدی زۆرییان بە نموونەکان هەیە، دەڵێن تێگەیشتنێکی باشتر دەخەنەوە لەسەر پێکهاتەی دروستبوونی سیستمی خۆریمان و ئەوەشی کە چۆن زەوی وای لێهات ژیانی تێدا بێت.

چوار ساڵ دوای ئەوەی لە ساڵی 2016 دا ڕەوانەی بۆشایی ئاسمان کرا، کەپسولەکە لەسەر ئەستێرەی بچووکی بێنو نیشتەوە و 250 گرام لە خۆڵەکەی سەریی کۆکردەوە.

ناسا دەڵێت تەنانەت ئەو بڕە کەمەش " یارمەتیدەر دەبێت لە تێگەیشتنێکی باشتر لە جۆری ئەو ئەستێرە بچووکانەی کە دەکرێت مەترسی بن بۆ زەوی." هەروەها بەڕێوبەری ناسا بیڵ نیڵسن دەڵێت " تیشک دەخاتە سەر مێژوویی سەرەتای سیستمی خۆریمان."

ئەیمی سایمنی زانا لە ناسا، بە فرانس پرێسی وت " گەڕانەوەی نموونەکە بە ڕاستی مێژووییە. ئەمە گەورەترین نموونە دەبێت لە دوای بەردەکانی مانگی ئاپۆلۆوە هێنابێتماننەوە."

بەڵام دانیشی بەوەدانا کە گەڕانەوەی کەپسولەکە " پێویستی بە جووڵەیەکی مەترسیدار هەیە."

تێپەڕبوونە ئاگرینییەکەی بە بەرگە هەوادا تەنها لە 13 خولەکی کۆتاییدا دێت، لە کاتێکدا کە کەپسولەکە بە خێرایی زیاتر لە 27,000 میل لە خولەکێکدا بەرەو خوارەوە دەڕوات، بە پلەی گەرمای زیاتر لە 2,760 پلەی سیلیزییەوە.

ئەو هاتنە خوارەوەیە بەو خێراییە، لەلایەن دوو هەستەوەری سوپاوە چاودێری دەکرێت، بە دوو پەڕەشووتی یەک لە دوای یەک خاو دەکرێتەوە، ئەگەر پەڕەشووتەکان نەکرێنەوە، ئەوا " نیشتنەوەیەکی قورس " ڕوودەدات.

بەشی زانستی هەسارەیی ناسا دەڵێت " کەپسولەکە بۆ ماوەی چوار کاتژمێر لە بۆشایی ئاسمانەوە بەرەو خوارەوە دێت، بەسەر کالیفۆرنیاوە دەچێتە بەرگەهەواوە و نزیکەی 13 خولەک دوای ئەوە لە یوتا دەنیشێتەوە."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG