Accessibility links

سوپای ئیسڕائیل داوای چۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح دەکات پێش هێرشە پلان بۆ داندراوەکەی بۆ سەر شارەکە


ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل ڕایگەیاند خەڵکەکەی بەشی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەحی باشووری غەززە دەبێت بچن بۆ " ناوچە مرۆییە فراوانکراوەکە " کە ئێستا خان یونسیش دەگرێتەوە، ئەمەش لە هەنگاوێکدا پێش هێرشە زەمینییە پلان بۆ داندراوەکەی ئیسڕائیل بۆ سەر ئەو شارە.

وتەبێژێکی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل بە زمانی عەرەبی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاویکردەوە سوپای ئیسڕائیل بە بەکارهێنانی هێز دژی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکانی ناو ڕەفەح دەجووڵێت، هەر کەسێکیش لەو ناوچانەدا بێت ئەوا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە.

وتیشی ئیسڕائیل ئامادەکاری دەکات بۆ " ئۆپەراسیۆنێکی سنووردار " لە ڕەفەح، هەروەها نزیکەی 100,000 کەس داوایان لێکراوە ناوچەکە چۆڵ بکەن و بەرەو ئەو ناوچانە برۆن کە دیاریکراون.

پێشتر ئیسڕائیل لە هەڵمەتەکەیدا بۆ لە ناوبردنی حەماس لە غەززە ئەم جۆرە ئاگادارکردنەوانەی بڵاوکردووەتەوە. زۆرێک لە فەلەستینیەکان لە ناوچەکانی دیکەی غەززەوە هەڵاتوون بۆ ڕەفەح و شارەکەیان وەکو پەناگە بەکارهێناوە، ئەوەش دوای ئەوەی ئیسڕائیل ئاگاداری کردبوونەوە کە ناوچەکانی دیکەی غەززە چۆڵ بکەن.

لەو نەخشانەی پێشووتردا کە سوپای ئیسڕائیل خستبوونییەڕوو ناوچەیەکی مرۆیی دەردەخات بە درێژایی کەناری غەززە لە ڕۆژئاوای شاری خان یونسەوە. ڕاگەیاندنەکەی ڕۆژی دووشەممە ئەو ناوچەیەی فراوانتر کرد و باکووری کەنارەکەشی گرتەوە، هەروەها ڕۆژهەڵاتیش تاوەکو خان یونسیش بگرێتەوە.

ئیسڕائیل دەڵێت هێرشی زەمینی بۆ سەر ڕەفەح پێویستە بۆ شکستهێنان بە حەماس، هاوکات ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەش هۆشدارییان داوە لەسەر ئەگەری کەوتنەوەی کارەساتێکی مرۆیی ئەگەر ئیسڕائیل هێرشێکی بەرفراوان بکاتە سەر ڕەفەح کە زیاتر لە نیوەی دانیشتوانەکەی غەززە وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

ڕۆیتەرز لە زاری بەرپرسێکی باڵای حەماسەوە بڵاویکردەوە فەرمانی چۆڵکردنەکە بۆ ڕەفەح " پەرەسەندنێکی مەترسیدارە کە دەرەنجامی دەبێت."

وەزیری بەرگری ئەمەریکا لوەید ئۆستن جارێکی دیکە ڕۆژی یەکشەممە لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا لەگەڵ وەزیری بەرگری ئیسڕائیل یۆواڤ گالانتدا تیشکی خستەوە سەر ئەو پرسە.

وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی ئۆستن " دووبارە جەختی لە پابەندبوونی خۆی کردووەتەوە بە گەڕانەوەی بێ مەرجی سەرجەم بارمتەکان و جەختی لەوە کردووەتەوە هەر ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی ئیسڕائیل لە ڕەفەح دەبێت پلانێکی متمانەپێکراوی تێدا بێت بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی سڤیل و پاراستنی گەیشتنی یارمەتییە مرۆییەکان."

وەزارەتی بەرگری ئیسڕائیل وتی گالانت جەختی لەوە کردووەتەوە کە کردەوە سەربازییەکە پێویستە لە ڕەفەح و هیچ بەدیلێکیش نیە بۆ ئەوە.

دەزگای ئونروای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کاروباری پەنابەرانی فەلەستینی ڕۆژی دووشەممە وتی ئۆپەراسیۆنی ئیسڕائیل لە ڕەفەح " مەرگ و ناڵاندنی زیاتر بۆ هاووڵاتییانی سڤیل دەهێنێت." هەروەها دەرەنجامێکی " ڕووخێنەری " دەبێت بۆ زیاتر لەو 1 ملیۆن هاووڵاتییەی کە شارەکەیان وەکو پەناگە بەکارهێناوە.

ئونروا وتی " هەتاوەکو بتوانێت لە ڕەفەح دەمێنێتەوە و بەردەوام دەبێت لە دابینکردنی یارمەتییە ژیان ڕزگارکەرەکان بۆ خەڵکەکە."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG