Accessibility links

ئێران دەڵێت کارمەندانی کەشتییەکەی سەر بە ئیسڕائیل ئازاد دەکرێن


دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران ڕۆژی شەممە، 27ی مانگی چوار بڵاویکردەوە وەزیری دەرەوەی ئێران دەڵێت کارمەندانی کەشتییە دەستبەسەرداگیراوەکە کە ئاڵای پرتوگالی بەسەرەوەیە و پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەیە مۆڵەتییان پێدراوە دەستییان بگات بە کونسوڵخانەکان و پێشبینی دەکرێت ئازاد بکرێن.

لە 13 ی مانگی چواردا سوپای پاسدارانی ئێران لە تەنگەی هورموز دەستی بەسەر کەشتی بارهەڵگری MSC Aries دا گرت کە 25 کارمەندی لەسەر بووە، ئەوەش چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی تاران بەڵێنیدابوو تۆڵە لە هێرشە ئاسمانیە گومانلێکراوەکەی ئیسڕائیل بکاتەوە بۆ سەر کونسوڵخانەکەی لە دیمەشق. ئێران وتی ڕەنگە ڕێڕەوە ئاوییە بازرگانییە گرنگەکە دابخات.

هێرشەکانی ئەمدواییانەی حوسییەکانی یەمەن کە لەلایەن ئێرانەوە پشتیوانییان لێدەکرێت بۆ سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور و کەنداوی عەدەندا کارییان کردووەتە سەر بازرگانی جیهانی. حوسییەکان دەڵێن هێرشەکانییان وەکو پشتیوانییە بۆ فەلەستینییەکانی غەززە.

وەزیری دەرەوەی ئێران حوسەین ئەمیرعەبدوڵاهیان لە پەیوەندییەکی تەلەفونیدا بە هاوتا پرتوگالییەکەی پاولۆ ڕانگێڵی وت " پرسی مرۆیی ئازادکردنی کارمەندانی کەشتییەکە نیگەرانییەکی جددییە بۆ ئێمە."

میدیای ئێران لە زاری عەبدوڵاهیانەوە بڵاویکردەوە کارمەندەکان ڕادەستی باڵیۆزخانەکانییان دەکرێن لە تاران. لە ڕاپۆرتەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە ئەمە کەی ڕوودەدات.

وەزارەتی دەرەوەی ئێران وتی Aries " یاساکانی هاتووچۆی دەریایی " پێشێل کردووە لەبەر ئەوە دەستی بەسەرداگیراوە، وتیشی هیچ گومانێک لەوەدا نیە کە پەیوەندی بە ئیسڕائیلەوە هەبووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG