Accessibility links

ئێران و پاکستان تاوتوێی تەواوکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆری گاز دەکەن


کونسوڵی گشتی ئێران لە پاکستان حەسەن نوریان ڕۆژی دووشەممە ڕایگەیاند ئێران و پاکستان تاوتوێی ڕێگاکان دەکەن بۆ تەواوکردنی پڕۆژەی هێڵی بۆری گازی نێوان دوو وڵاتەکە.

نوریان لە کاراچی باشووری پاکستان بە ڕۆژنامەنووسانی وت " سووربوونێکی سیاسیی دەبینین لە پاکستانەوە بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکە."

دوو وڵاتەکە لە ساڵی 2010 دا ڕێککەوتنێکییان واژۆ کرد بۆ دروستکردنی هێڵێکی بۆری گاز لە کێڵگەی گازی فارسی باشوورەوە بۆ پارێزگاکانی بالوچستان و سیندی پاکستان، بەڵام کارەکان لە دیوی پاکستانەوە لەسەر هێڵەکە لە ترسی سزاکانی ئەمەریکا ڕاگیراون.

هێڵە 1900 کیلۆمەترییەکە مەبەست لێی دابینکردنی 750 ملیۆن بۆ 1 ملیار مەتر چوارگۆشە لە گازی سروشتی بوو لە ڕۆژێکدا بۆ ماوەی 25 ساڵ، ئەوەش لە پێناو ئەوەی کە لە ئاست پێویستییەکانی پاکستاندا بێت بۆ وزە، کە تا دێت زیاتر دەبێت.

تاران دەڵێت 2 ملیار دۆلاری خستووەتە پڕۆژەکەوە بۆ دروستکردنی هێڵی بۆرییەکە لەسەر خاکەکەی. بەڵام پاکستان دەستی نەکردووە بە کارەکان لە پڕۆژەکەدا، هۆکارەکەشی دەگەڕێنێتەوە بۆ سەر سزا نێودەوڵەتییەکانی سەر ئێران.

لە ساڵی 2014 دا پاکستان داوای درێژکردنەوەی کاتی دروستکردنەکە کرد بۆ 10 ساڵی دیکە، کە لە مانگی نۆی ئەم ساڵدا بەسەردەچێت. چاودێرانی پیشەسازیی دەڵێن ئێران دەتوانێت پاکستان بباتە بەردەم دادگای نێودەوڵەتی.

لە ترسی ئەوەی ڕووبەڕووی ڕێوشوێنی یاسایی ببنەوە، بەڕێوبەرایەتییە کاربەڕێکەرەکەی پاکستان ئەم ساڵ سەر زارەکی مۆڵەتیدا بە دانانی پلانەکان بۆ دروستکردنی 80 کم لە هێڵی بۆرییەکە. لە مانگی سێدا ئیسلامئاباد وتی هەوڵ دەدات ئەمەریکا ڕازی بکات سزای نەدات لەسەر هێڵی بۆرییەکە. بەڵام ئەمەریکا وتی پشتیوانی لە پڕۆژەکە ناکات و هۆشداریداوە لەسەر مەترسی سزاکان ئەگەر پاکستان کار لەگەڵ ئێراندا بکات.

ڕۆژی دووشەممە نوریان وتی هێڵەکە نەچووەتە ژێر کۆتوبەندە نێودەوڵەتییەکانەوە، دوو وڵاتەکەش تاوتوێی کێشەکە دەکەن.

بەڵام نوریان وەڵامی پرسیارەکانی نەدایەوە لەسەر ئەوەی ئایا ئێران ڕێوشوێنی یاسایی دەگرێتەبەر دژی پاکستان ئەگەر پاکستان لەم ساڵدا هێڵی بۆرییەکە لەسەر خاکەکەی تەواو نەکات یاخود نا.

پاکستان کە بەکارهێنەرە ناوخۆیی و پیشەسازییەکانیشی پشتییان بەستووە بە گازی سروشتی بۆ گەرمکردنەوە و پێویستییەکانی دیکەی وزە، بە پەرۆشەوەیە بۆ گازی هەرزان لە کاتێکدا کە یەدەگەکانی گازی خۆی زۆر بە خێرایی کەم دەبنەوە و گرێبەستەکانی گازی سروشتی شلکراویش وایکردووە نرخەکانی گاز بەرز ببنەوە، هەموو ئەمانەش لە نێوەندی هەڵاوسانی ئابووریی وڵاتەکەدایە.

بەپێی پێداچوونەوەکانی ئاماری بی پی وزەی جیهان، ئێران دووەم گەورەترین یەدەگی گازی لە جیهاندا هەیە، ڕووسیا بە پلەی یەکەم دێت. بەڵام سزاکانی ڕۆژئاوا و قەیرانە سیاسییەکانی ناو وڵاتەکە گەشەی ئێرانی وەکو هەناردەکاری گاز خاوکردووەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG