Accessibility links

نەخۆشەکانی شێرپەنجە و پزیشکەکان دژی کاریگەرییە لاوەکییە توندەکانی دەرمانەکان دەوەستنەوە


بۆ توشبووانی شێرپەنجە لە مێژە بەرگەی کاریگەرییە لاوەکییەکانی دەرمانە بەهێزەکانییان کردووە لە پێناو ئەوەدا کە لە ژیانیان بەردەوامبێت. ئێستا نەخۆشەکان و پزیشکەکانیش دەپرسن ئایا ئەو هەموو ئازار و مەینەتییە پێویستە یاخود نا.

نەخۆشەکان و پزیشکەکان بزووتنەوەیەکیان دروست کردووە لە پێناو ئەوەدا کە چۆنێتی پشکنینی دەرمانەکانی شێرپەنجە لە ڕەگ و ڕیشەوە بگۆڕدرێن، بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکاش داوا لە بەرهەمهێنەرانی دەرمانەکان دەکات کارێکی باشتر بکەن لە دۆزینەوەی ژەمێکدا کە کەمترین کاریگەریی لاوەکی هەبێت، تەنانەت ئەگەر بەرهەمهێنانی ئەو دەرمانە کاتێکی زیاتریشی بوێت.

بەرەوپێشچوون لە چارەسەردا ئەوە دەگەیەنێت کە ملیۆنان خەڵک بۆ چەندین ساڵ بەو نەخۆشییە بێ چارەسەرەوە دەژین. بەهۆی ئەو پێشکەوتنەوە، جیڵ فیڵدمانی تەمەن 54 ساڵ ماوەی 15 ساڵە لەگەڵ شێرپەنجەی سییەکاندا دەژی. دایک و باوکی هەردووکییان دوای چەند مانگێک لە توشبوونییان بە شێرپەنجەی سییەکان گیانییان لە دەستداوە.

بەڵام ئەو دەرمانانەی بەکاری دەهێنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی شێرپەنجەکەی، توشی ئازاری جومگە و بێهێزی و ئازاری ناو دەمی دەکات کە وایکردووە خواردن و خواردنەوەی بە ئازارەوە بێت.

فیڵدمان دەڵێت " ئەگەر شتێکی زۆر گەرم بخۆیت، ئەوا دەمت دەسوتێنیت. دەمی من بە بەردەوامی بیست و چوار کاتژمێر لە ماوەی حەوت ڕۆژی هەفتەکەدا بەو شێوەیەیە."

لەسەر ڕێنمایی پزیشکەکەی ژەمی دەرمانەکەی کەم کردووەتەوە، بەڵام دەیەوێت بەرهەمهێنەرانی دەرمان توێژینەوە لەسەر ژەمی کەمتر بکەن، ئایا پێدانی ژەمێکی کەمتر سوودی دەبێت بۆ نەخۆشەکە یاخود نا.

وتی " پێویست ناکات کەس بەرگەی کاریگەرە لاوەکییەکانی چارەسەر بگرێت."

بۆ خێراکردنی تاقیکردنەوەی دەرمانەکانی چارەسەری کیمیایی، توێژەرەوان لە توێژینەوە سەرەتاییەکاندا ژەمەکان بۆ چەند کەسێکی کەم زیاد دەکەن، ئەوەش بۆ ئەوەی بزانن کە ئایا زۆرترین ژەم چەندێکە کە نەخۆشەکە بتوانێت بەرگەی بگرێت. فەلسەفەی " تاوەکو زۆرتر بێت باشترە " لە چارەسەری کیمیاییدا سوودی هەیە، بەڵام بۆ دەرمانە نوێیەکانی دیکەی شێرپەنجە بەوشێوەیە نیە.

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا چاناپا تانتیبانچاچای دەڵێت لە ڕێی پڕۆگرامێکەوە کە بە پڕۆژەی ئۆپتیمەس ناسراوە، بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا فشاری کردووەتە سەر بەرهەمهێنەرانی دەرمان نەخۆشی زیاتر بەکاربهێنن لە توێژینەوەکانییاندا لەسەر ئەوەی ئایا تاوەکو چەند ژەمەکە کەم بێت سوودی دەبێت بۆ نەخۆشەکە. بۆ ئەوەی بزانن ئایا ژەمەکە چەند بێت دەبێتە زۆر کەم بۆ نەخۆشەکە و سوودی لێنابینێت. هۆکارێکی سەرەکی پڕۆژەکە زیادبوونی " داواکانی نەخۆش و پارێزەرەکان بوو کە دەڵێن دەرمانەکانی شێرپەنجە دەبێت ئەوەندە بەهێز نەبن."

زۆربەی دەرمانە نوێیەکانی شێرپەنجە لە ڕێی بەکارهێنانی ستراتیژییە کۆنەکەوە بەرهەم هێندراون. ئەوەش دەبێتە هۆی کێشە کاتێک نەخۆشەکان ژەمێک وەرناگرن یاخود دەوەستن لە بەکارهێنانی دەرمانەکە، ئەوەش بەهۆی کاریگەرییە لاوەکییەکانییەوە.

دکتۆر جولی گرالۆی ئەفسەری باڵای تەندروستی کۆمەڵەی ئەمەریکایی بۆ شێرپەنجەی کلینیکی، پلانی هەیە توێژینەوەیەک لەسەر 500 نەخۆش ئەنجام بدات، ئەوەش بە مەبەستی تاقیکردنەوەی ژەمە کەمەکانی دوو دەرمان کە بۆ شێرپەنجەی مەمک بەکاردەهێندرێن.

پزیشک پاتریشیا لۆڕوسۆ کە ڕابەرایەتی دۆزینەوەی دەرمانەکان دەکات لە ناوەندی شێرپەنجەی یەیڵ، دەڵێت " تاوەکو دەمانتوانی بەرزترین ژەممان دەدا. کاریگەریی لاوەکیت دەبێت بەڵام دواتر دەبووایە لە وەرگرتنی دەرمانە بوەستیتایە تاوەکو لە کاریگەرییە لاوەکییەکان چاک دەبوویتەوە و لەو کاتەشدا وەرەمەکە دەتوانێت گەورە ببێت."

توێژینەوەکە دوو ستراتیژی بەراورد بە یەکتر دەکات: دەستپێکردنی چارەسەرەکە بە ژەمێکی تەواوە و دواتر کەمکردنەوەی ژەمەکە بۆ کاریگەرییە لاوەکییەکان، ستراتیژییەکەی دیکە بریتی دەبێت لە دەستپێکردنی چارەسەرەکە بە ژەمێکی کەم و زیادکردنی ژەمەکە ئەگەر نەخۆشەکە باش بێت لەگەڵیدا.

لە ڕێی پڕۆژەی ئۆپتیمەسەوە، بەڕێوبەرایەتی دەرمان و خۆراکی ئەمەریکا داوای لە بەرهەمهێنەرانی دەرمانەکان کردووە بەراوردی ڕاستەوخۆی زیاتر بکەن. پزیشک ئالیس شۆ دەڵێت ئەوە دەکرێت پڕۆسەکە خاو بکاتەوە. شۆ ڕابەرایەتی پەرەپێدانی دەرمانی شێرپەنجەی نوێ دەکات لە نۆڤارتیس.

وتی " ئەوە پێویستی بە نەخۆشی زیاتر دەبێت، پێویستی بە کاتی زیاتریش دەبێت بۆ ناسینەوە و تۆمارکردن و چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانە." وتیشی ئەو پڕۆسەیە شەش مانگ بۆ ساڵێکی دەوێت، دەبێت هاوسەنگییەک ڕابگیرێت لە نێوان پێویستی بەپەلە بۆ دەرمانی شێرپەنجەی نوێ و ئەو پڕۆسەیە.

پزیشک تیمۆثی یاپ، گەشەپێدەری دەرمان لە سەنتەری شێرپەنجەی ئێم دی ئەندەرسۆن لە هیوستن دەڵێت بەڵام وەرگرتنی ژەمە دەرمانەکە لە کاتی خۆیدا واتە بە زوویی دوای ئەوەی دەزانیت نەخۆشەکە توشی شێرپەنجە بووە لە ماوەیەکی درێژخایەندا دەبێتە هۆی دەرکەوتنی دەرمانی کاریگەرتر، وتی " ئەگەر نەخۆشەکان دەرمانەکە نەخۆن، ئەوا کاریگەری نابێت."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG