Accessibility links

کۆشکی سپی: بڕیارە بایدن و نەتانیاهو قسە لەسەر ڕەفەح بکەن


کۆشکی سپی دەڵێت ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهودا قسە دەکات، ئەوەش دوای ئەوەی سوپای ئیسڕائیل داوای چۆڵکردنی ڕۆژهەڵاتی شاری ڕەفەحی باشووری غەززەی کرد پێش ئەنجامدانی هێرشەکەی بۆ سەر ئەو شارە.

ڕاگەیاندنەکەی ئیسڕائیل تەنانەت دوای ئەوەش دێت کە واشنتن چەندین جار ڕوونی کردووەتەوە کە پشتیوانی لە هێرشی زەمینی ناکات بۆ سەر ڕەفەح بەبێ پلانێکی تەواو بۆ یارمەتیدانی ئەو هاووڵاتییە سڤیلانەی کە شارەکەیان وەکو پەناگە بەکارهێناوە. ڕاگەیاندنەکەی ئیسڕائیل لە نێوەندی گفتوگۆکانیشدایە لەگەڵ حەماسدا بۆ ئاگربەست.

وتەبێژێکی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی بە دەزگای هەواڵی فرانس پرێسی وت " ناتوانین لە بری ئۆپەراسیۆنەکانی هێزەکانی بەرگری ئیسڕائیل قسە بکەین. بۆچوونی خۆمان لەسەر هێرشی زەمینی سەر ڕەفەح بۆ حکومەتی ئیسڕائیل ڕوون کردووەتەوە، سەرۆکیش ئەمڕۆ لەگەڵ سەرۆک وەزیردا قسە دەکات."

وتی " ئێمە بەردەوام باوەڕمان وایە کە ڕێککەوتنێک لەسەر بارمتەکان باشترین ڕێگەیە بۆ پاراستنی ژیانی بارمتەکان، هەروەها خۆبەدوورگرتن لە هێرشکردنە سەر ڕەفەح، کە زیاتر لە یەک ملیۆن کەس وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە."

ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل داوای گواستنەوەی هاووڵاتییانی سڤیلی کرد لە ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح، ئەوەش دوای هێرشێکی موشەکی حەماس بۆ سەر ناوچەیەکی سنووری نێوان ئیسڕائیل و گەزا کە بووە هۆی کوژرانی چوار سەربازیی ئیسڕائیلی.

داوای چۆڵکردنەکە دوابەدوای ڕێکنەکەوتنی ئیسڕائیل و حەماس دێت لەسەر داواکانی حەماس بۆ کۆتایی هێنان بە جەنگەکە.

بەرپرسێکی میسڕ وتی دوای هێرشە موشەکییەکە گفتوگۆکانی ئاگربەست لە قاهیرە ڕاگیراون، کە هەریەک لە ئەمەریکا و قەتەڕ و میسڕ وەکو نێوەندگر بەشدارن تێیاندا.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG