Accessibility links

ڕوانگەی سوری: بەهۆی هێرشی ئاسمانی ئیسڕائیلەوە سەربازێکی سوریایی دەکوژرێت


ڕوانگەی سوریایی بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت دوابەدوای هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسڕائیل بۆ سەر باشووری سوریا کە وەکو تۆڵەکردنەوەیەک بوون بۆ هێرشە موشەکییەکەی سەر بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل، سەربازێکی سوریایی گیانی لە دەستداوە.

ڕوانگەکەی کە چاودێری ململانێکانی ناو سوریا دەکات درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە بڵاویکردەوە کە " گروپەکانی سەر حزبوڵای لوبنان سێ موشەکییان لە خاکی سوریاوە بە ئاڕاستەی بەرزاییەکانی گۆلانی ژێر دەسەڵاتی ئیسڕائیل هەڵداوە."

ڕوانگە وتی لە وەڵامی ئەو هێرشەشدا هێزەکانی ئیسڕائیل " سێ شوێنییان لە پارێزگای دارا " لە باشووری سوریا کردووەتە ئامانج.

ڕۆژی دووشەممە وتی " ئەندامێکی هێزەکانی ڕژێمی سوریا کوژراوە "، دوای ئەوەی بەهۆی بۆردومانەکانەوە بریندار بووە.

سوپای ئیسڕائیل ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە وتی " دوو موشەک لە سوریاوە هەڵدراون بۆ ناوچەی ڕامەت مەغشیم و لە شوێنێکی کراوەدا کەوتوونەتە خوارەوە." ئەوەش وەکو ئاماژەیەک بۆ بەرزاییەکانی گۆلان.

سوپای ئیسڕائیل وتی هێزەکانمان " سەرچاوەی موشەکەکانییان " کردووەتە ئامانج. وتیشی هیچ زیانێکی گیانی لە دیوی ئیسڕائیلەوە نەبووە.

لە دوای دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سوریاوە لە ساڵی 2011 دا، ئیسڕائیل سەدان هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر سوریا، بە زۆری شوێنەکانی سوپا و گروپە چەکدارییەکانی سەر بە ئێرانی کردووەتە ئامانج، لەوانەش گروپی حزبوڵای لوبنانی.

بەڵام لە دوای دەستپێکردنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماسەوە لە غەززە، ئیسڕائیل هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر سوریا زیاتر کردووە.

حزبوڵای لوبنان کە هاوپەیمانی حەماسیشە، لە شەڕی ناوخۆی سوریادا شان بە شانی هێزەکانی حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەد شەڕی کردووە.

لە ماوەی جەنگە شەش ڕۆژەییەکەی ساڵی 1967 دا، ئیسڕائیل زۆربەی ناوچەکانی بەرزاییەکانی گۆلانی کۆنتڕۆڵ کرد، دواتریش لکاندی بە ئیسڕائیلەوە، ئەو هەنگاوەشی لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە دانی پێدا نەنراوە.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG