Accessibility links

دیسان ئاگر بازاڕێکی تری هەولێر دەسوتێنێت و گومان لە هۆکارەکەی هەیە


شاری هەولێر جارێکی تر بووە گۆڕەپانی گڕ و دووکەڵی ئاگرێکی تر، دوای ئەوەی درەنگانێکی شەوی یەکشەممە، 5-5-2024، ئاگر لە بازاڕی قەیسەری کەوتەوە و بەهۆیەوە زیاتر لە 100 کەس برینداربوون و سەدان دوکان زیانیان پێگەیشت.

بە گوێرەی بەرپرسێکی ئیداری شارەکە کە ناوی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە، پارێزگار ئومێد خۆشناو لە شوێنی ڕووداوەکە وتویەتی، "ناکرێت ئەم هەموو سوتانە و دەبێت بە گومانەوە لێی بڕوانین."

ئاگرەکە نزیکی کاتژمێر 9:30 خولەکی شەوی ڕابردوو لە بازاری قەیسەری هەولێر کەوتەوە و دوای سێ کاتژمێر تیمەکانی بەرگری شارستانی توانیان کۆنترۆڵی بکەن.

نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی ناوەندی هەولێر بەیانی ئەمڕۆ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند بە پێی خەمڵاندنە سەرەتاییەکان لە کۆی زیاتر لە 4 هەزار دوکانی بازاڕەکە، نزیکەی 372 دوکان سوتاون.

بەڵام پارێزگای هەولێر لە ڕاگەیێندراوێکدا دواتر وتی 227 دوکان و 7 کۆگای بچووکی بازاڕەکە زیانیان پێگەشتووە، هەروەها 132 کەس لە هێزەئەمنیەکان و کاسبکاران و هاوڵاتی برینداروون.

دیمەنی چارەسەرکردنی هاوڵاتییەک کە بەهۆی ئاگرەکەی ڕۆژی 5-5-2024 لە بازاڕی قەیسەری هەولێر توشی تەنگەنەفەسی بووە.
دیمەنی چارەسەرکردنی هاوڵاتییەک کە بەهۆی ئاگرەکەی ڕۆژی 5-5-2024 لە بازاڕی قەیسەری هەولێر توشی تەنگەنەفەسی بووە.

لە ڕاگەیێندراوەکەی پارێزگاردا هاتووە لە شوێنی ڕووداوەکە 117 کەس لە بریندارەکان چارەسەرکراون و 15 کەسیان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی فریاکەوتن و چارەسەریان بۆ کراوە. هیچ زیانێکی گیانی نەبووە.

لە بارەی قەبارەی زیانەکان، ئومێدی خۆشناو پارێزگاری هەولێر شەوی ڕابردوو لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا بە میدیاکانی ڕاگەیاند، " لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ڕووداوەکە دەکرێت و قەبارەی زیانەکانە مادیەکانیش دەخەڵمێنرێت و دواتر ئاشکرا دەکرێت."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ وەرگرتنی لێدوانی پارێزگار سەبارەت بە گومانەکان لە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان بێئەنجام بوون.

بەرپرسانی ئیداری شارەکە دوای ڕووداوەکە دوو لیژنەیان پێکهێنا بۆ خەمڵاندنی زیانەکان و لێکۆڵینەوە لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە.

وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمیش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە "هیچ بەڵگەیەکی ئەوتۆ نەبینراوە" لەوەی بەهۆی کارەباوە ئاگرەکە کەوتبێتەوە.

تەنها لە ماوەی ئەمساڵدا ئەمە چوارەم ئاگرکەوتنەوەی گەورەیە کە لە بازاڕەکانی هەولێر تۆمارکراوە. ڕۆژی 27-2-2024 ئاگرێکی گەورە لە بازاڕی لە نگەی هەولێر کەوتەوە و بەو هۆیەوە زیاتر لە 170 دوکان سوتان؛ جارێکی تر لە ڕۆژی 7ی سێ بازاڕی لەنگەی هەولێر سوتایەوە و زیاتر لە 50 دوکان سوتان و زیانێکی زۆر بە دوکاندارەکان کەوت؛ هەروەها لە ڕۆژی 9ی چوار ئاگر لە کۆگایەکی پیشەسازی هەولێر کەوتەوە کە بە وتەی خاوەنەکەی بووە هۆی زیانی 10 ملیۆن دۆلار و دواتر هێزە ئەمنیەکان ڕایانگەیاند ڕووداوەکە بە مەبەست بووە و چەند کەسێکیان لەسەری دەستگیرکرد.

دیمەنی گردبوونەوەی هاوڵاتی و دوکانداران لەبەردەم بازاڕی قەیسەری هەولێر لە کاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.
دیمەنی گردبوونەوەی هاوڵاتی و دوکانداران لەبەردەم بازاڕی قەیسەری هەولێر لە کاتێکدا تیمەکانی فریاکەوتن سەرقاڵی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکەن.

دوکاندارانی بازاڕی قەیسەری هەولێر، هاوشێوەی دوکاندارەکانی بازاری لەنگە بە گومانەوە دەڕواننە حاڵەتەکانی ئاگرکەوتنەوەی بازارەکان و داوای لێکۆڵینەوە دەکەن.

ئەحمەد موحسین، یەکێکە لەو دوکاندارانەی کە کەلوپەل بە تاک و بە کۆ لە ناو بازاری قەیسەری هەولێر دەفرۆشێت و بە هۆی ئاگرەکەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە. ئەو بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێمە هیچ لایەنێک تۆمەتبارناکەین بە سوتاندنی بازارەکە، بەڵکو پرسیارەکە ئەوەیە بۆچی بە ڕۆژ ئاگر دروست نا بێت و تەنها بە شەوان نەبێت؟ هەروەها بۆچی ئەم هەموو بازاڕە دەسوتێت؟ ئەمە گومانی لای ئێمەی دوکاندارەکان دروستکردووە."

ئەو دوکاندارە وتیشی، "زیاتر لە 700 هەزار دۆلار زیانم بەرکەوتووە، ئەمە جگە لەوەی خزم و کەسوکارم لە نزیک منەوە دوکانیان هەیە و ئەوانیش بەهەمانشێوە ژمارەیەک دوکانیان سوتاوە، بۆیە داوامان وایە دەرئەنجامی لێکۆڵینەوەکان ئاشکرابکرێن، گەر دەست بێت یاخود هەر هۆکارێکی تر."

رۆژی 17ی مانگی ڕابردوو، عەقید ئەردەڵان وتەبیژی ئاسایشی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سێ کەسمان لەسەر ئاگرەکەی بازاری لەنگەی هەولێر دەستگیرکردووە و تەنها گومانیان لەسەرە لەوەی دەستیان هەبێت لە سوتاندنی بازاڕی لەنگە و لێکۆڵینەوە لە گەڵیان بەردەوامە."

بازاری قەیسەری هەولێر تا ئێستا دووجار سوتاوە و جاری یەکەمیان لە ساڵی 2018 بوو و دواتر نۆژەنکرایەوە لە سەر شێوازی کۆنەکەی خۆیی.

بەرەبەیانی ئەمڕۆ 6-5-2024، وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێم لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی پێکهێنا و لیژنەکە سەردانی بازارەکەیان کرد و لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە "دوای لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان بەڵگە و ئاماژەی وا لەبەردەستدا نەبوو بەوەی کە هۆکاری سوتانەکە پەیوەندی بە کارەباوە هەبێت."

بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، هێزە ئەمنیەکان تەواوی کامێراکانی چاودێری نێو بازاڕەکەیان کۆکردووەتەوە و سەرقاڵی لێکۆڵینەوەی وردن لە بارەی ڕوودانی ئاگرەکە و ڕێگە بە هیچ دوکاندار و هاوڵاتیەک نادەن بچنە نێو بازارەکە.

لەبارەی تەشەنەکردنی ئاگرەکە، ئومێدی خۆشناو دوێنێ شەو بە میدیاکانی ڕاگەیاند، "تەشەنەکردنی ئاگرەکە بە شێکی بە هۆی کەمتەرخەمیی کاسبکاران خۆیانەوەیە کە دوکانەکانیان داناخەن و بە پەردە دایدەخەن، شتومەکەکانیان لەبەردەم دوکانەکانیان بەجێدەهێڵن."

پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا باس لە سوتانی قەیسەری هەولێر دەکات لە ڕۆژی 5-5-2024.
پارێزگاری هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانییدا باس لە سوتانی قەیسەری هەولێر دەکات لە ڕۆژی 5-5-2024.

حکومەتی خۆجێی هەولێر لە دوای دوجار سوتانی بازاڕی لەنگە، بڕیاریداوە سەرجەم دوکانەکان دەبێت پەردە بە دوکانەکانیان نەپۆشن و دەرگای "دەڕاب" بۆ دوکانەکانیان دروست بکەن بە پێچەوانەوە تووشی سزا دەبن.

دەنگی ئەمەریکا بە مەبەستی بە دەستهێنانی زانیاری زیاتر لە بارەی هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە، پەیوەندی بە پارێزگاری هەولێر و وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر و وتەبێژی بەرگری شارستانی هەرێم کرد، بەڵام تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە پەیوەندیەکان بەردەست نەبوون.

ژیار جەلال بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تیمەکانمان هاوکاریەکی باشی بەرگری شارستانی هەولێر بوون لە کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، چونکە قەبارەی ئاگرەکە گەورەبوو."

وتیشی، "دوای ئەوەی لیژنەکان خەمڵاندنی تەواویان بۆ بازارەکە کرد و لێکۆڵینەوەی هێزە ئەمنیەکان تەواوکران، ئەوکات تیمەکانی ئێمە دەست بە پاککردنەوە و خاوێنکردنەوەی بازارەکە دەکەن، بۆ ئەوەی لە کەمترین کاتدا ڕادەستی خاوەنەکانیان بکرێنەوە."

بازاری قەیسەری هەولێر بەرامبەر قەڵای هەولێرە و کەوتووەتە نێو جەرگەی شارەکە و مێژووی دروستکردنی بە پێی سەرچاوەکان دەگەڕێتەوە بۆ 200 ساڵ لەمەوبەر و بۆ سەردەمی ئیمپیراتۆریەتیی عوسمانی. بازارەکە ڕووبەرەکەی نزیکەی 50 هەزار مەتر چوارگۆشەیە و پێکهاتووە لە نزیکی 4 هەزار دوکان کە بە تەنیشتیەکەوە دروستکراون.

please wait

No media source currently available

0:00 0:08:09 0:00

XS
SM
MD
LG