Accessibility links

سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی سەردانی ئێران دەکات و لەگەڵ بەرپرساندا کۆدەبێتەوە


ڕافایل گرۆسی، سەرۆکی ئاژانسی وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی (IAEA) ڕۆژی دووشەممە گەیشتە ئێران و بڕیارە بەشداری لە کۆنفرانسێکدا بکات و لەگەڵ بەرپرسان کۆببێتەوە بە مەبەستی تاوتوێکردنی بەرنامەی ناوکی ئێرا.

ئەم سەردانە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە لە ئاستی بەرزدایە و ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمیش ڕەخنەی لە ئێران گرتووە بەهۆی نەبوونی هاوکاری لە بواری پشکنین و پرسە هەڵپەسێردراوەکانی دیکەدا.

بەگوێرەی ئاژانسی تەسنیمی ئێران، گرۆسی، "نیوەڕۆی دووشەممە بە سەرۆکایەتی شاندێک بۆ بەشداریکردن لە کۆنفرانسی ئەتۆمی و دانوستان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەتۆمی و سیاسی ئەو وڵاتە گەیشتە تاران".

میدیاکانی دیکەی ئێرانیش سەردانەکەی ناوبراویان پشتڕاست کردووەتەوە.

چاوەڕوان دەکرێت لەگەڵ حسێن ئەمیر عەبدوڵڵاهیان وەزیری دەرەوەی ئێران و هەروەها محەمەد ئیسلامی سەرۆکی دەزگای ئەتۆمی ئێراندا کۆببێتەوە.

هەروەها چاوەڕوان دەکرێت گرۆسی لە یەکەمین کۆنفرانسی نێودەوڵەتی زانست و تەکنەلۆژیای ئەتۆمی ئێران وتارێک پێشکەش بکات.

ئەم بۆنە سێ ڕۆژییەی لە دووشەممەوە دەستیپێکردووە لە پارێزگای ئەسفەهان بەڕێوەدەچێت کە شوێنی کارگەی نەتەنزی پیتاندنی یۆرانیۆمە و مانگی ڕابردوو ‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌‌هێرشێکی گومانلێکراوی ئیسرائیل لەوێ ڕوویدا.

ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی و بەرپرسانی ئێران، دوای ڕاگەیاندنی هێرشەکەی سەر ئەسفەهان ڕایانگەیاند "هیچ زیانێک"بە دامەزراوە ئەتۆمییەکان نەگەیشتووە، کە بە شێوەیەکی بەرفراوان وەک وەڵامدانەوەی ئیسرائیل بۆ یەکەمین هێرشی ڕاستەوخۆی ئێران بۆ سەر دوژمنە سەرسەختەکەی چەند ڕۆژێک پێش ئەوە بوو، کە ئێران وەک تۆڵەسەندنەوەیەک بۆ هێرشێکی کوشندە بۆ سەر کونسوڵخانەی تاران لە دیمەشق، ئەنجامی دابوو.

ڕۆژی چوارشەممە، ئیسلامی، سەرۆکی ڕێکخراوی وزەی ئەتۆمی ئێران ڕایگەیاند، "دڵنیایە کە ئەم دانوستانانە زیاتر یارمەتیدەر دەبن بۆ ڕوونکردنەوەی ناڕوونیەکان، و دەتوانین پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئەو دەزگایە پتەوتر بکەین".

بە پێی دەزگای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئێران لە چەند ساڵی ڕابردوودا ئامێرەکانی چاودێریی ئاژانسی نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمی لە دامەزراوە ئەتۆمییەکان داخستووە و پشکنەرانی قەدەغە کردووە.

گرۆسی دوایین جار لە مانگی سێی ساڵی 2023 سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ بەرپرسانی باڵا لەنێویاندا ئیبراهیم ڕەئیسی سەرۆک کۆمار کۆبووەوە.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG