Accessibility links

بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە


oil
oil

کۆمپانیای دانە غاز ڕایگەیاند بەرهەمهێنان لە کێڵگەی غازی کۆرمۆر دەستپێدەکاتەوە لە کاتێکدا پاش هێرشێکی کوشندەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لە هەفتەی ڕابردوو بەرهەمهێنان لەو کێڵگەیە ڕاگیرابوو.

کێڵگەی غازی کۆرمۆر کە لەلایەن دوو کۆمپانیای وزەی ئیماراتییەوە بەڕێوەدەبرێت، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا چەندین جار هێرشی کراوەتەسەر.

بەڵام هێرشەکەی ڕۆژی هەینی ڕابردوو یەکەم هێرشی کوشندە بوو کە چوار کرێکاری یەمەنی تیادا کوژران و لانیکەم هەشت کەسی دیکەش بریندار بوون.

کۆمپانیای دانە غازی ئیماراتی کە سەرکاری کێڵگەی کۆرمۆرە لە قەزای چەمچەماڵ ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە کۆمپانیای دانە غاز و هاوبەشەکانی هەنگاویان ناوە بۆ پێشنیارکردنی دەسپێکردنەوەی بەرهەمهێنان لە کۆرمۆرەوە.

گوتیشی "ئەمە بە شێوەیەکی قۆناغ بە قۆناغ ئەنجام دەدرێت لەگەڵ جێبەجێکردنی ڕێوشوێنی نوێ بۆ بە باشترین شێوە پاراستنی سەرجەم کارمەندان و دامەزراوەکان."

حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاندووە لە هێرشە کوشندەکەی درەنگانێکی ڕۆژی هەینیدا دابینکردنی غاز بۆ وێستگەکانی کارەباش ڕاگیراون، ئەوەش بووەتە هۆی کەمبوونەوەی کارەبا بە نزیکەی 2500 مێگا وات.

دانە غاز دەڵێت بڕیاری دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان پەیوەستە بە " کردارە تۆکمەکانی کە لەلایەن حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئەنجامدراون بۆ بەهێزکردنی بەرگریکردن لە شوێنی کۆرمۆر بەشێوەیەکی بەرچاو."

کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرچاوەی 67%ی کارەبای هەرێمی کوردستانە و ڕاگرتنی کارکردن لە کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای دانە گازەوە، مەترسی کەمبوونەوەی زیاتری کارەبای نیشتمانی بە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لێدەکرێت.

بەشێک لە زانیارییەکان لە ئاژانسی فرانس پرێس وەرگیراوە

XS
SM
MD
LG