Accessibility links

کۆچبەرێکی تووشبوو بە شێرپەنجە دەبێتە براوەی تیروپشکی یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار لە ئەمەریکا


کۆچبەرێکی لائۆسی دانیشتووی ویلایەتی ئۆریگن لە ئەمەریکا کە ماوەی هەشت ساڵە تووشی نەخۆشی شێرپەنجە بووە، خەڵاتی تیروپشکی پاورباڵ بە بڕی یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار دەباتەوە.

چێنگ "چارلی" سەیفەنی تەمەن 46 ساڵ لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە ڕۆژی دووشەممە لەلایەن تیروپشکی ویلایەتی ئۆریگێنەوە ڕیکخرابوو، ڕایگەیاند خۆی و هاوسەرە تەمەن 37 ساڵەکەی بڕیارە نیوەی ئەو پارەیە بۆ خۆیان وەرگرن و نیوەکەی دیکەشی بدەنە هاوڕێیەکیان بە ناوی چائۆ کە بڕی 100 دولاری تەرخان کردبوو بۆ ئەوەی بتوانن بلیتەکانی بە هاوبەشی پێبکڕن.

وتیشی"ئێستا دەتوانم پارە بۆ خێزانەکەم و تەندروستی خۆم دابین بکەم و پزیشکێکی باش بۆ خۆم بدۆزمەوە."

چێنگ کە دوو منداڵی بچووکی هەیە، وتی "وەک نەخۆشێکی شێرپەنجە لەخۆم دەپرسم چۆن کاتم هەبێت بۆ خەرجکردنی ئەم هەموو پارەیە؟ تا کەی دەژیم؟"

چێنگ دەڵێت چائۆی هاوڕێی دوای کڕینی بلیتە هاوبەشەکەیان، وێنەی بلیتەکانی بۆ ناردووە و بە گەشبینییەوە پێی وتووە ئێمە ملیاردێرین "هەرچەندە ئەو قسەیە لەو کاتەدا گاڵتەیەکی سادە بوو، بەڵام ڕۆژی دواتر قسەکەی بووە بە ڕاستی."

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا وتیشی "چائۆلە نێو ئۆتۆمبێلەکەی بوو بەرە کار دەڕۆشت کاتێک کە کاتێک تەلەفۆنم بۆ کرد و پێم وت پێویست ناکات بچیتە سەر کارەکەت، ئێمە تیروپشکەکەمان بردەوە و خەڵاتی یەکەممان بەدەستهێنا!"

چێنگ "چارلی" سەیفەن لە لائۆس لەدایکبووە و 30 ساڵ لەمەوبەر کۆچی کردووە بۆ ئەمەریکا و ئێستا لە کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی کاردەکات. ئەو دەڵێت "دوعام دەکرد ببمە براوە، چوونکە پێویستم بە یارمەتی هەیە و هێشتا نامەوێت بمرم و دەمەوێت پێش ئەوە شتێکم بۆ خێزانەکەم کردبێت."

بلیتی تیروپشکی براوەی ویلایەتی ئۆریگێن لە سەرەتای مانگی چواردا لە فرۆشگایەکی شاری پۆرتلاند فرۆشرا. بڕی خەڵاتی پێشبڕکێی تیروپشکەکە گەیشتبووە یەک ملیار و 300 ملیۆن دۆلار، ئەمەش بەهۆی ئەوەی پێشبڕکێکە بۆ ماوەی 3 مانگ بەبێ براوە مابووە.

جۆناثان پۆلۆنسکی، سەرۆکی ئەو فرۆشگا زنجیرەیەی شاری پۆرتلاند رۆایگەیاندووە زۆر دڵخۆشە کاتێک زانیویەتی یەکێک لە 104 فرۆشگاکەیان لە ئۆریگێن بلیتی تیروپشکێکی بە بڕی 1.3 ملیار دۆلار فرۆشتووە.

بەپێی یاساکانی پێشبڕکێکە، ئەو دوکانەی بلیتی تیروپشکی براوەی تێدا دەفرۆشرێت، خەڵاتێک بە بڕی 100 هەزار دۆلار وەردەگرێت.

خەڵاتی تیروپشکی 1.3 ملیار دۆلاری ویلایەتی ئۆریگێن، هەشتەم گەورەترین خەڵات بووە لە مێژووی تیروپشکی پاوەرباڵدا لە سەرانسەری ئەمەریکا.

گەورەترین خەڵاتی تیروپشکی لە ئەمەریکا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2022 کە تێدا کەسێک 2.04 ملیار دۆلاری لە کالیفۆرنیا بردەوە.

سەرچاوە/AP

XS
SM
MD
LG