Accessibility links

کاریگەری کۆمەکی دارایی لە بانگەشەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا


یەکێک لە فاکتەرە گرنگەکان بۆ بەدەستهێنانی سەرکەوتن لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا، ئەوەیە کۆمەکێکی دارایی زۆری کاندیدەکە بکرێت تاوەکو بتوانێت پارە بۆ خەرجییەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنەکەی دابینبکات.

هەتا ئێستا بە دەیان ملیۆن دۆلار بۆ هەڵمەتەکانی بانگەشەی هەڵبژاردنی هەریەک لە سەرۆک جۆو بایدن و سەرۆکی پێشووی دانۆڵد ترامپ کۆکراونەتەوە.

هەڵمەتی هەڵبژاردنی بایدن لە مانگی سێدا زیاتر لە 43 ملیۆن دۆلاری کۆکردەوە و بە 85 ملیۆن دۆلار لە هەژماری بانکەکەیاندا کۆتایی بە مانگەکە هێنا. هەڵمەتەکەی ترامپ دەڵێت 45 ملیۆن دۆلاریان هەتا کۆتایی مانگەکە کۆکردبووە.

کۆکردنەوەی پارە ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕێت لە زۆرێک لە هەڵمەتەکانی سەرۆکایەتیدا، و هۆکارێکی سەرەکییە بۆ دیاریکردنی توانای بەردەوامبوونی کاندیدەکان لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە پۆستەکە. ئەو پارەیەی بەکاردێت بۆ مووچەی ئەو کەسانەی کە خۆبەخش نین لە کەمپینەکاندا و بۆ گواستنەوە و کەرەستەی هەڵمەتی هەڵبژاردن و ڕیکلامی میدیایی، و ڕاوێژکاری سیاسی و حاڵەتە لەناکاوەکانی پەیوەست بە هەڵمەتەکانی هەڵبژاردنەوە.

بەپێی یاسای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا، ئەو کاندیدانەی بە فەرمی ڕاگەیەندراون، پێویستە وردەکاری دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردنەکان لە کۆمیسیۆنی فیدراڵی هەڵبژاردنەکاندا FEC تۆماربکەن، پاشان پوختەی ئەم ڕاپۆرتانە دەخرێنە بەردەستی خەڵک و دۆخی دارایی هەموو هەڵمەتەکان ئاشکرا دەکرێن.

مـێژووی کۆمەکی دارایی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی
بیرۆکەی داواکردنی کۆمەکی دارایی لەلایەن کاندیدی سەرۆکایەتی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن کە بە تەواوی نامۆ بوو هەتا ساڵی 1789دا کە لەلایەن جۆرج واشنتۆن دەستیپێکرد. لە سەرەتای سەدەی نۆزدەهەمدا، بە ئاشکرا دەستنیشانکردنی کاندیدیک بۆ پۆستێکی سیاسی کارێکی گەورە بوو و هەموو کەس بە سانایی نەیدەتوانی خۆی بۆ پۆستی سیاسی کاندید بکات.کاندیدە دەوڵەمەندەکان پارەی هەڵمەتەکانی خۆیان دابین دەکرد، تەنانەت زۆر جاریش دیارییان بە خەڵکی دەبەخشی. بۆ نمونە جۆرج واشنتۆن لەنێو زۆر کەسی دیکەدا مەی بە خۆڕایی پێشکەش دەکرد بۆ هاندانی دەنگدەران، شتێک کە ئەمڕۆ بە نایاسایی دادەنرێت.

بەڵام بە فەرمی کۆکردنەوەی پارە بۆ بانگەشەی هەڵبژاردن لە ساڵی 1829 لە ئەندرۆ جاکسنەوە سەریهەڵدا، کە یەکەم کاندیدی سەرۆکایەتییە کە خاوەنی پێشینەی خێزانیی بە ناوبانگ و خوێندن و سامانێکی زۆر نەبوو کاتێک جاکسن لە ساڵی 1828دا خۆی بۆ کۆشکی سپی کاندید کرد. هەروەها یەکەم هەڵمەتی ڕێکخراوی ئەنجامدا، دەسەڵاتی میدیای بەکارهێنا و بزووتنەوەیەکی سەرەتایی بنەڕەتی سازکرد بۆ بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆکایەتی.

چۆن کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی یاسای دارایی بانگەشەی هەڵبژاردن ڕێکدەخات؟
کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی فیدراڵی (FEC) سەرپەرشتی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە دەکات کە بەپێی کۆمسیۆنەکە دیاریکراون بەم شێوەیە:
* دانانی سنووری بەشداریکردنی کەمپەین بۆ تاک و گروپەکان.
* سەرپەرشتیکردنی بودجەی گشتی کە لە هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتیدا بەکاردەهێنرێت.
* بەدواداچوون بۆ داتای دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردن.

کێ ناتوانێت بە کۆمەکی دارایی لە هەڵمەتی هەڵبژاردن بەشدارببێت ؟
وەرگرتنی کۆمەکی دارایی لە هەندێک ڕێکخراو و کەسایەتی کەمپینەکان قەدەغەیە. ئەم سەرچاوە قەدەغەکراوانە بریتین لە: بانکە نیشتیمانییەکان ، هەندێک کۆمپانیا، لەوانە کۆمپانیا قازانج نەویستەکان، ڕێکخراوە کرێکارییەکان ، بەڵێندەرانی حکومەتی فیدراڵی ، هەروەها هاووڵاتی بیانی ، بەشداریکردن بە ناوی کەسێکی ترەوە، کۆمپانیای هاوبەشی یان LLC ، لەبەر ئەوەی بەشداریکردن لە لایەن هاووڵاتیانی بیانییەوە قەدەغەیە.

بەشدارییەکانی دارایی هەڵمەتی هەڵبژاردن دوای هەڵبژاردن چی بەسەر دێت؟
خۆکاندیدکردن بۆ سەرۆک پارەیەکی زۆری دەوێت، کە کاندیدەکان ملیۆنان دۆلار وەک هاوکاری کۆدەکەنەوە، هەر بۆیە لیژنەکانی چالاکیی سیاسی (PAC) و هەروەها سوپەر PACدامەزراون. ئەوان بڕیار دەدەن دوای کۆتایی هاتنی هەڵمەتێک ئەو پارەیەی ماوەتەوە چۆن خەرج بکرێت.

بە پێی یاسای ئەمەریکا هەر بڕە پارەیەکی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردن کۆکرابێتەوە دەبێت بۆ مەبەستی هەڵمەتی هەڵبژاردن بەکار بهێندرێت و پێویستە لە هەژماری هەڵمەتی هەڵبژاردنی کاندیدەکەدا بێت و تەنانەت یەک دۆلاریش نابێت بۆ کاری کەسی کاندیدەکە بەکار بێت.
بەپێی ڕاپۆرتەکان کاندیدەکانی خولی سەرۆکایەتی ساڵی 2020 نزیکەی 4 ملیار دۆلاریان کۆکرابوونەوە بۆ هەڵمەتەکانی هەڵبژاردن.

هێشتا ماوەیەکی زۆر ماوە لە بەردەم بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکان، بۆیە هێشتا ڕوون نییە لە خولی سەرۆکایەتی ئەمساڵدا چەند پارە کۆدەکرێتەوە.

XS
SM
MD
LG