Accessibility links

سزاکانی ئەمەریکا، بەریتانیا و کەنەدا بۆ سەر ئێران چڕتر دەبنەوە


ئەمەریکا، بەریتانیا و کەنەدا ڕۆژی پێنجشەممە 25ی مانگی چوار سزای نوێیان لە پەیوەند بە کۆماری ئیسلامی ئێران و ڕووسیاوە دەرکرد.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی نووسینگەی کۆنترۆڵکردنی سەروەت و سامانی بیانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا، سزا نوێیەکانی ئەمەریکا هێڵی ئاسمانی پویا (پویا ئەیر)، هەشت کەس، پێنج کەشتی و پانزە دامەزراوە دەگرێتەوە.

وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ئەو کەس و دامودەزگا و کەشتییانە لە دابینکردنی دارایی و ئاسانکاری بۆ فرۆشتنی نهێنی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بۆ وەزارەتی بەرگری ئێران و هێزە چەکدارەکانی ئەو وڵاتە دەستیان هەبووە.

لە درێژەی ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "هاوکات لەگەڵ ئەم هەنگاوەی وەزارەتی خەزێنە، بەریتانیا و کەنەداش سزایان بەسەر چەند دامەزراوە و کەسایەتییەکدا سەپاندووە کە بەشدارن لە کڕینی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی و چالاکییەکانی دیکەی پەیوەندیدار بە سەربازییەوە."

راگەیەندراوەکە دەشڵێت لە نێو ئامانجەکانی ئەمڕۆدا کە سزایان بەسەردا سەپێندراوە، کۆمپانیای "توندەر سەحرا"یە کە یەکێکە لەو دامەزراوانەیە کار بۆ دابینکردنی دارایی نایاسایی وەزارەتی بەرگری و پاڵپشتیکردنی هێزە چەکدارەکانی ئێران دەکات و هەروەها ڕۆڵێکی سەرەکی لە دیزاین و پەرەپێدان و بەرهەمهێنان و فرۆشتنی هەزاران فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئێرانی هەیە کە دواجار زۆرێکیان گواسترانەوە بۆ ڕوسیا بۆ بەکارهێنان لە جەنگەکەیدا لە دژی ئۆکرانیا.

برایان نیڵسۆن، جێگری وەزیری خەزێنەی ئەمەریکا لەکاروباری تیرۆر و هەواڵگری دارایی ڕایگەیاندووە "وەزارەتی بەرگری ئێران بە پاڵپشتیکردنی شەڕی ڕووسیا لە ئۆکرانیا، هێرشی بێ وێنە بۆ سەر ئیسرائیل و پەرەدان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و دابینکردنی چەک بۆ بریکارەکانی، بەردەوامە لە ناسەقامگیرکردنی ناوچەکە و جیهان."

ئاماژەی بەوەشکردووە "ئەمەریکا بە هەماهەنگییەکی نزیک لەگەڵ هاوبەشە بەریتانی و کەنەدیەکانی بەردەوام دەبێت لە بەکارهێنانی هەموو ئامرازە بەردەستەکان بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کەسانەی کە دارایی چالاکییە ناسەقامگیرکەرەکانی ئێران دابین دەکەن".

هەر لەم چوارچێوەیەدا وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دەڵێت دوو کەس و چوار کۆمپانیای خستۆتە لیستی سزاکانی پەیوەست بە بەرهەمهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان لەلایەن ئێرانەوە.

دەیڤید کامیرۆن، وەزیری دەرەوەی بەریتانیا ڕۆژی پێنجشەممە 26ی مانگی چوار بە ئاماژەدان بەوەی کە دوایین سزاکانی وڵاتەکەی تاک و دامودەزگاکانی کەرتی بەرگریی ئێرانی کردۆتە ئامانج، گوتی "لەگەڵ هاوبەشەکانمان، گوشارەکان بۆ سەر ڕێژیمی ئێران لە پەیوەند بە پەرەپێدان و هەناردەکردنی ئەم چەکە کوشندانەوە زیاد دەکەین.

وەزارەتی دەرەوەی کەنەداش ڕایدەگەیاندووە بە پشتبەستن بە بڕگەکانی ڕێوشوێنە ئابوورییە تایبەتەکانی پەیوەست بە ئێران، دوو کەس و دوو دامەزراوەی خستۆتە لیستی سزاکانیانەوە.

میلانیا جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەدا ڕۆژی پێنجشەممە 25ی مانگی چوار ڕایگەیاند کە کەنەدا سزای بەسەر غولام عەلی ڕەشید، فەرماندەی بنکەی ناوەندی خاتەمولئەنبیە، محەمەد ڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگری ئێران، بنکەی خاتەمولئەنبیە و ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران سەپاندووە.

وەزیری دەرەوەی کەنەدا بە ئاماژەدان بەوەی کە هەڵسوکەوتی کۆماری ئیسلامی ئێران و گرووپە بە وەکالەتەکانی "لەڕادەبەدەر نیگەرانکەرن"، وتی "کەنەدا و هاوپەیمانەکانی ئامادەن و درێغی ناکەن لە هەنگاونان بەرامبەر بە ڕێژیمی ئێران کە هەوڵی تێکدانی ئارامی و ئاسایشی هەرێمەکە دەدات."

هەروەها لە دەنگدانێکی دەگمەندا پەرلەمانی ئورووپا ڕۆژی پێنجشەممە بڕیارنامەیەکی دژ بە کۆماری ئیسلامیی ئێرانی پەسەند کرد.

لەم بڕیارنامەیەدا، پەرلەمانی ئەوروپا هێرشی بێوێنەی ئێرانی بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک بۆ سەر ئیسرائیل لە سەرەتای ئەم مانگەدا شەرمەزار کرد و خوازیاری سەپاندنی سزای زیاتری دامودەزگاکانی ئێران بوو.

ئەم بڕیارنامەیە کە بە زۆرینەی دەنگی 357 دەنگی بەڵێ و 20 دەنگی نەخێر پەسەند کرا، هێرشی ئێران بۆ سەر ئیسرائیل و هەروەها ئەو هێرشانەی کە لەلایەن گرووپە بە وەکالەتەکانی وەک حزبوڵڵا لە لوبنان و حوسییەکان لە یەمەن ئەنجام دراون، سەرکۆنە دەکات و ڕۆڵی تاران لە ناسەقامگیرکردنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە ڕێگەی "تۆڕێک لە ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان"ەوە بە فەرمی ڕادەگەیەنێت.

بڕیارنامەکە ڕۆژی پێنجشەممە 25ی مانگی چوار لە کۆتا کۆبوونەوەی پێش هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئورووپا پەسەند کرا و داواکاری پێشووی بۆ خستنەڕووی سوپای پاسدارانی ئینقلابی ئیسلامی لە لیستی ڕێکخراوە تیرۆریستییە دانپێدانراوەکانی یەکیەتیی ئورووپا دووپات کردەوە و هەروەها داوای کردووە حزبوڵڵا بۆ ئەم لیستە زیاد بکرێت.

سەرچاوە/دەنگی ئەمەریکا/ڕادیۆ فەردا

XS
SM
MD
LG