Accessibility links

جارێکی تر جووتیارانی هەرێمی کوردستان داوای پارەکانیان لە حکومەت دەکەنەوە


لە دوای ناڕەزایی بەشێک لە جووتیاران بەهۆی وەرنەگرتنی پارەکانیان، سەرچاوەیەکی نزیک لە وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت، پارەی گەنمی جوتیاران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نێردراوە، بەڵام کورتهێنان لە پارەکە دروستبووە و لە ئێستادا لێکۆڵینەوەی لەسەر ئەنجامدەدرێت.

لە سەردەمی کابینەی سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر عەبادی، ناردنی پارەی گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵەکانی 2014، 2015 و 2016 کێشەی تێکەوت. ئەوکات بیانووی حکومەتی عێراق خراپی کوالێتی و جۆری گەنمەکەی جوتیاران بوو، بەڵام دواتر جوتیاران چەندین جار چوونە بەغداد و لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیەوە ئەو کێشەیەیان لە بەرژەوەندی خۆیان یەکلایی کردەوە.

نوێنەرانی جووتیاران دەڵین حکومەتی عێراق پارەکەی خستۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی حکومەتی هەرێم، بەڵام نزیکەی 400 بۆ 500 جوتیار تا ئێستا پارەکانیان وەرنەگرتووە.

مام فارس سەرۆکی ڕێکخراوی جوتیارانی سەردەم، کە پێشتر بە نوێنەرایەتی جوتیارانی هەرێم کێشەکەی بردە دادگای فیدراڵی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بۆ ماوەی دوو ساڵ 56 دانیشتنم بەڕێکرد، 94 جار چوومە بەغدا و توانیمان پارەکە هەناردەی هەرێم بکەین بۆ جووتیارانی هەرێم، بەڵام بە داخەوە کۆمەڵێک جوتیار 400 بۆ 500 جوتیار وەرەقە و چەکەکانیان هەیە، بەڵام پارەکانیان نەگەشتۆتە دەست."

مام فارس ڕایگەیاند بەرپرسانی حکومەتی هەرێم دەڵێن بڕی پارە ونبووەکە لە بەغدایە، بەڵام بەرپرسانی عێراقی نکۆڵی لەمە دەکەن و سورن لەسەر ئەوەی هەموو شایستە داراییەکانی جووتیارانیان خستۆتە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی بازرگانی هەرێمی کوردستان.

وتیشی، "جووتیارەکان لە هەموو شارەکانن. فەزاحەتێکی گەورەیە لە ڕاستیدا، بەغداد دەڵێت 572 ملیارمان ناردووە هی ساڵەکانی 14 و 15 و 16 یە، کە لەو ژمارەیە 400 بۆ 500 جوتیار ماوە پارەکانیان وەربگرن."

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم دۆسیەیە پەیوەندی کرد بە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی حکومەتی هەرێم، بەڵام ماردین محەمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندن و پەیوەندیەکانی وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند لێدوان نادەن.

بەڵام دەنگی ئەمەریکا لەسەرچاوەیەکی ناو وەزارەت زانیوێتی، کە لە ئێستادا لیژنە لەسەر ئەو کێشەیە پێکهێنراوە و خەریکی لێکۆڵینەوەن لەسەر نادیاری پارەکە.

سەرچاوەکەی وەزارەتی بازرگانی کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پارەکە نێدراوە لە بەغدادەوە، بەڵام کورتهێنانی هەیە و بە هۆی سەرفیاتەوە ئەم کورتهێنانە دروستبووە. ئێستا لە لە قۆناغی لێکۆڵینەوەدایە و لیژنەی بۆ پێکهێنراوە، بەڵام ئێستا ئەنجامی لیژنەکە دیار نییە."

جووتیاران داوا دەکەن حکومەتی هەرێم بڕیارێک لەبارەی پارەکانیانەوە بدات و هەڕەشەی سکاڵاکردن دەکەن.

مام فارس ڕایگەیاند، "تا ئێستا سکاڵامان نەکردووە، داوام کردووە داواکاری گشتی و دەستەی نەزاهە بێنە سەر خەت، ئایا حکومەتی عێراق نەیناردووە یان ئێرە کەمتەرخەمبوون."

please wait

No media source currently available

0:00 0:04:04 0:00

XS
SM
MD
LG