Accessibility links

دادگای باڵای ئەمەریکا دادەنیشێت بۆ گوێگرتن لە ئیدیعاکانی ترامپ سەبارەت بە پارێزبەندی سەرۆکایەتی


دادگای باڵا ئەمەریکا، 16ی چواری 2024، واشنتن پایتەخت.
دادگای باڵا ئەمەریکا، 16ی چواری 2024، واشنتن پایتەخت.

لە دۆسیەیەکی بێپێشینەدا لە ئەمەریکا، پارێزەرانی کە نوێنەرایەتی دانۆڵد ترامپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دەکەن، ڕۆژی پێنجشەممە هەوڵ دەدەن بڕوا بە دادگای باڵای ئەمەریکا بهێنن کە ترامپ پارێزراوە لە لێپێچینەوەی تاوانکاری بەهۆی ئەو کارانەی کە گوایە لە کاتی سەرۆکایەتیدا ئەنجامی داون.

ئەو دۆسێ فیدراڵییە مەترسی کاریگەرییەکی زۆری هەیە. ترامپ لە ئێستادا کاندیدی پێشەنگی کۆمارییەکان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی مانگی یازدەی 2024. ئەو جەخت لە داواکاری پارێزبەندی دەکاتەوە بۆ تۆمەتی ئەوەی کە وەک سەرۆک کۆمار پیلانی تاوانکاری بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی ساڵی 2020 داڕشتووە، پاش ئەوەی بە جۆو بایدن سەرۆک کۆماری ئەمەریکا دۆڕا.

ئەو دۆسیەیە لە ئێستادا ڕاگیراوە هەتا بڕیاری دادگای باڵا سەبارەت بە داواکاری پارێزبەندی ترامپ. بڕیارێکی خێرا ڕەنگە ببێتە هۆی ئەوەی دادگاییکردنە پێش هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدە ئەنجام بدرێت، لە کاتێکدا دواکەوتنی بڕیارەکە ڕەنگە ڕێگری بکات لە ئەنجامدانی دادگاییکردنەکە. ئەگەر ترامپ لە مانگی یازدە لە هەڵبژاردنەکاندا سەربکەوت و یەکلاییکردنەوەی دۆسیەکە هێشتا هەڵپەسێردراو بێت کاتێک لە مانگی یەکدا دەستبەکار دەبێت، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە فەرمان بە وەزارەتی داد بکات کە تۆمەتەکان هەڵبوەشێنێتەوە.

تۆمەتەکانی ڕاوێژکاری تایبەت

دۆسیەکەی بەردەم دادگای باڵا لەو تۆمەتانەوە سەریهەڵدا کە ساڵی ڕابردوو لەلایەن جاک سمیس، ڕاوێژکاری تایبەتەوە تۆمارکرابوو، لە کاتێکدا لەلایەن وەزارەتی دادەوە دەستنیشانکرابوو. بەشێک لە ئەرکەکانی سمیس بریتی بوون لە ئەنجامدانی لێکۆڵینەوەیەکی سەربەخۆ لەسەر کردەوەکانی سەرۆکی پێشوو لە نێوان هەڵبژاردنەکانی مانگی یازدەی 2020 تا هێرشەکەی 6ی یەکی 2021 بۆ سەر کۆنگرێسی ئەمەریکا، کە تێیدا لایەنگرانی ترامپ هەوڵیان دا پرۆسەی بە فەرمیکردنی سەرکەوتنەکەی بایدن لە هەڵبژاردنەکاندا تێکبدەن.

لە تۆمەتێكی چوار تاواندا کە لە مانگی هەشتی 2023 ئاشکرا کرا، سمیس ترامپی تۆمەتبار کرد بە پیلانگێڕی بۆ فێڵکردن لە ئەمەریکا، پیلانگێڕی و هەوڵدان بۆ بەربەست لە ڕێوشوێنێکی فەرمی حکومەت، هەروەها هەوڵی تاوانکاریی بە فشار خستنە سەر بەرپرسانی گشتی بۆ ئەوەی یارمەتی بدەن لە هەڵوەشاندنەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا.

بێجگە لەوانە، تۆمەتبارکردنەکە ئاماژە بە هەوڵەکانی ترامپ و ڕاوێژکارەکانی دەکات بۆ ئەوەی ئەنجامی هەڵبژاردنی ساختە لەسەر ئاستی ویلایەتەکان پێشکەش بە ئەندامانی کۆنگرێس بکرێت و فشار بخەنە سەر بەرپرسانی هەڵبژاردن لەسەر ئاستی ویلایەتەکان بۆ ساختەکردنی تۆمارەکان. هەروەها باس لەوە دەکات ترامپ لە 6ی مانگی یەک، لایەنگرانی هانداوە بۆ ئەوەی هێرش بکەنە سەر کۆنگرێس.

دۆسیەکە لە دادگای ناوچەی واشنتنی پایتەخت، بەڕێوە دەچێت، بەڵام چەندین جار دواکەوتووە بەهۆی هەوڵەکانی ترامپ بۆ داوای پارێزبەندی. سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا لە دادگاکانی سەرووی ئەوە دادگایەوە داوای پێداچوونەوەی کردووە بۆ بڕیاردان لەسەر داواکاریی پارێزبەندی و جەختی لەوە کردووەتەوە کە بڕیارێک لە بەرژەوەندی ئەودا وا دەکات ڕێوشوێنی دادگاکانی خواروتر پێویست نەکات.

داواکارییە یەک لە دوای یەکەکان بۆ پێداچوونەوە

ترامپ بەردەوام جەختی لەوە کردووەتەوە کە پارێزبەندی سەرۆکایەتی لە لێپێچینەوە ئەو کردەوە تاوانکاریانەش دەگرێتەوە کە لە کاتی سەرۆکایەتیدا ئەنجام دەدرێن. ئەو تۆڕی سۆشیال میدیای تروث کە خۆی خاوەنەکەیەتی، بەکارهێناوە بۆ بڵاوکردنەوەی و نووسیویەتی، "بەبێ پارێزبەندی سەرۆکایەتی، مەحاڵە سەرۆکێک بە باشی کاربکات، ئەمە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا دەخاتە مەترسییەکی گەورە و هەمیشەییەوە!"

لە مشتومڕێکدا لە بەردەم دادگای پێداچوونەوە، پارێزەرانی ئیدیعاکانی ترامپیان خستەڕوو و جەختیان لەوە کردەوە کە تەنانەت ئەگەر وەک سەرۆک فەرمانی بە سوپای ئەمەریکا دابێت یەکێک لە ڕکابەرە سیاسییەکانی تیرۆر بکات، ئەوا بەرپرسیارێتی تاوانکاری نابێت ئەگەر سەرەتا لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە ئیمپیچ نەکرێت و پاشان لەلایەن سیناتیشەوە تاوانبار نەکرێت.

لە مانگی دوودا، دەستەیەکی کۆدەنگی دادوەرەکان لە دادگای تێهەڵچوونەوەی ئەمەریکا بۆ ناوچەی واشنتن، قسەکانی سەرۆکی پێشوویان ڕەتکردەوە کە دەڵێت "پارێزبەندییەکی ڕەهای" هەیە لە لێپێچینەوە لەسەر ئەو کارانەی کە لە کاتی پۆستەکەیدا ئەنجامیداون.

دادوەرەکان بڕیاریان دا "پارێزبەندی سەرۆکایەتی لە دژی تۆمەتبارکردنی فیدراڵی بەو مانایە دەبێت ، کۆنگرێس نەتوانێت یاسا دەربکات، دەسەڵاتی جێبەجێکردن نەتوانێت لێپێچینەوە بکات و دەسەڵاتی دادوەرییش نەتوانێت پێداچوونەوە بکات". گوتیشیان "ناتوانین قبووڵی بکەین کە ئۆفیسی سەرۆکایەتی سەرۆکێکی پێشوو بۆ هەموو ژیانی لە دوای سەرۆکایەتی بخاتە سەروی یاساوە."

ترامپ لە دادگای باڵای ئەمەریکا تانەی لەو دۆسێیە دا، و دادگاکەش لە کۆتایی مانگی دوودا ڕایگەیاند، دۆسێکە وەردەگرێت، بەڵام داواکارییەکانی داواکاری گشتی ڕەتکردەوە بۆ دانانی کات بۆ گفتوگۆی زارەکی خێرا.

دوای دانیشتنی پێنجشەممە بڕیاری دادگا چەندێک دەخایەنێت، دیار نییە. لە کاتێکدا ئەگەری بڕیاردانی خێرا هەیە، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی لە دۆسێکاندا دادگا چەند مانگێکی دەوێت بۆ ئەوەی بە وردی بۆچوونەکانی خۆی دابڕێژێت.

دواکەوتن دەبێتە هۆی نیگەرانی

بڕیاری دادگای باڵا بۆ وەرگرتنی دۆسێکە و ڕەتکردنەوەی دانانی کات بۆ قسەکردنێکی زارەکی دەستبەجێ، هەردووکیان بوونەتە جێگەی ڕەخنەی زۆر، بە لەبەرچاوگرتنی سروشتی کۆدەنگی بڕیارەکەی دادگای تێهەڵچوونەوە و ئەگەر بەرژەوەندی دواکەوتنی درێژخایەن بۆ ترامپ.

ئەندامی پێشووی کۆمارییەکان لە کۆنگرێس لیز چێنی کە لە پانێڵێکی ئەنجومەنی نوێنەراندا کاری کردووە کە لێکۆڵینەوەی لە بەشداریکردنی ترامپ لە هێرشەکەی 6ی یەکدا کردووە، ڕۆژی دووشەممە ستونی بیروڕای ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمزی بەکارهێنا بۆ ئەوەی داوا لە دادوەرەکان بکات دۆسێکە بە خێرایی یەکلایی بکەنەوە.

چێنی نووسیویەتی " ئەگەر دواکەوتن ڕێگری بکات لە دادگاییکردنی ترامپ لەم ساڵدا لەسەر ئەم دۆسێیە، ڕەنگە خەڵک هەرگیز گوێیان لە بەڵگەی ڕەخنەگرانە و مێژوویی نەبێت کە لەبەردەم دەستەی دادوەری گەورەدا پەرەی پێدراوە و ڕەنگە سیستەمەکەمان هەرگیز لێپرسینەوە لەو کەسە نەکات کە زۆرترین بەرپرسیارێتی هەبووە لە ڕووداوەکانی 6ی یەکدا."

بەڵام هەندێک لە شارەزایان ڕایانگەیاندووە کە لە کاتێکدا ڕەنگە مشتومڕە یاساییەکانی سەرۆکی پێشوو لاواز بن، بەڵام دادگا هێشتا بەرژەوەندیی لەوەدا هەیە بە وردی نزیکبێتەوە لە بابەتی پارێزبەندی سەرۆکایەتی.

ئیلیا سۆمین، مامۆستای یاسا لە زانکۆی جۆرج مەیسن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندووە، زۆرێک لە لایەنەکانی دۆسیەکە زۆر ئاسانن. "دەبێت ئاسان بێت ئەو بیرۆکەیە ڕەت بکرێتەوە کە سەرۆک بە پارێزبەندی تەواوی هەیە لە کردارەکانی."

سۆمین دەڵێت "پێدەچێت ئەو دۆسێیەیان وەرگرتبێت، چونکە ویستوویانە بە وردبینی زیاتر ڕوونی بکەنەوە کە سنووری پارێزبەندییەکە چییە ". ئاماژەی بەوەشکرد، "ئەوە شتێکی مەعقولە بیر لەوە بکەینەوە کە ئەگەر بڕیارێک لەسەر پارێزبەندی سەرۆکایەتی دەربچێت کە پێشینەیەک دابنێت، ئەوا ئەو پێشینەیە دەبێت لە دادگای باڵاوە بێت".

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG