Accessibility links

خۆپیشاندەران لە ئەرمەنستان ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر دەستبەرداربوون لە خاک بۆ ئازەربایجان


دەیان خۆپیشاندەر لە ئەرمەنستان ڕۆژی پێنجشەممە چەند ڕێگایەکیان لە سەرانسەری وڵاتەکەدا داخست بە یەریڤانی پایتەختیشەوە. ئەوان ناڕەزایەتی دەردەبڕن بەرامبەر بەوەی کە بە دانەواندنێک بۆ ئازەربایجانی ناودێری دەکەن.

ئەم گرژی و ئاڵۆزییە لە کاتێکدایە لەم هەفتەیەدا هەردوو وڵات دەستیانکرد بە دیاریکردنی سنووری ناوچەیەکی کێشەلەسەری نێوانیان. ئەم کارەش بەشێک بوو لە هەوڵەکانیان بۆ گەیشتن بە ڕێککەونتێکی ئاشتی پاش سی ساڵ لە ناکۆکی نێوانیان.

لە چوارچێوەی دیاریکردنی سنوورەکەدا، نیکۆل پاشینیان، سەرۆک وەزیرانی ئەرمەنستان ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر گەڕاندنەوەی چوار گوندی چۆڵکراو کە یەریڤان لە ساڵانی نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوودا دەستی بەسەردا گرتبوو.

بەڵام دانیشتوانی نزیک ئەو گوندانە دەڵێن ئەم کارە دەشێت ببێتە هۆی دابڕانی ئەوان لە تەواوی وڵاتەکە و سەرۆک وەزیر تۆمەتبار دەکەن بەوەی تاکلایەنە خاکی بەخشیوە بەبێ ئەوەی هیچ گەرەنتییەک لە بەرامبەردا بەدەستبهێنێت.

خۆپیشاندەران ڕێگای سەرەکیی بەرەو گورجستانیان داخست بێجگە لە چەندین ڕێگەی تری پایتەختی وڵاتەکە.

میدیا ناوخۆییەکان ڕایانگەیاندووە، ڕێگای سەرەکی باکوور- باشوور لە نزیک گوندی تیگراناشێن گیراوە، کە وەکو کۆشکی ئازەربایجان ناسراوە، بەڵام لەلایەن ئەرمەنستانەوە کۆنترۆڵکراوە.

لە شاری یەریڤان گرتە ڤیدیۆیی پۆلیس بڵاوبووەتەوە کە خەڵکی دەستگیردەکەن لە هەوڵێکدا بۆ بڵاوەپێکردنی خۆپیشاندەران و کردنەوەی ڕێگاکان.

ئەو ناوچەیەی کە ئەرمەنستان تیایدا ڕەزامەندی دەربڕیوە لەسەر ڕادەستکردنەوەی هەندێک لە گوندەکان، گرنگییەکی ستراتیژی هەیە بۆ ئەو وڵاتەی کە هیچ بەندەرێکی نییە.

ناوچەکە بەشێک لە ڕێگایەکی خێرا لەخۆدەگرێت کە بەرەو گورجستان دەڕوات و بۆ بازرگانی دەرەکی وڵاتەکە زۆر گرنگە. هەروەهاش بۆرییەکی غازی ڕووسیاش بە ناوچەکەدا تێدەپەڕێت. جگە لەوەش ناوچەکە ناوچەیەکی گرنگیشە بۆ پێگەی سەربازی.

یەریڤان سورە لەسەر ئەوەی لەبەردانەواندن بۆ "سەروەری خاک" ناکات، پاشینیانیش بەرگری لە بڕیارەکەی کردووە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو چوار گوندە سنوورییە بە ئامانجی "ڕێگریکردن لە شەڕ" لەگەڵ ئازەربایجاندا.

ئیلهام عەلیێڤ، سەرۆکی ئازەربایجان ڕۆژی سێشەممە ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئاشتی نێوان هەردوو وڵات "لە هەموو کات نزیکترە".

ئەم دوو وڵاتەی کۆماری پێشووی سۆڤیەت لە ماوەی 20 ساڵی ڕابردوو دوو جەنگیان ئەنجام داوە بۆ کۆنترۆڵکردنی ناوچەی ناگۆرنۆ قەرەباخ.

ئازەربایجان لە مانگی نۆی ساڵی ڕابردوو لە هێرشێکدا ناگۆرنۆ قەرەباخی کۆنترۆڵ کرد و کۆتایی بە سی ساڵی دەسەڵاتداری ئەرمەنستان بەسەر ئەو ناوچەیەدا هێنا، ئەمەش بووە هۆی دەربەدەربوونی زیاتر لە 100 هەزار کەسی ئەرمەنی بەرەو ئەرمەنستان.

سەرچاوە: فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG