Accessibility links

کاریگەری ڕاگەیاندنەکەی پارتی دیموکراتی کوردستان لەسەر هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان


لە نوێترین پێشهاتی پەیوەست بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان کە بڕیارە لە 10ی مانگی شەشی ئەمساڵ بەڕێوەبچێت، پارتی دیموکراتی کوردستان هاوشێوەی بەشێک لە پێکهاتەکانی تورکمان بڕیاری بایکۆتکردنی بەشداریکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دا. دوای بڕیارەکە بەشێک لە لێکدانەوەکان بەو جۆرەن کە هەندێک پێیان وایە دەبێتە هۆی دواخستنی هەڵبژاردنەکان و هەندێکی تریش پێیان وایە هیچ لە دۆخەکە ناگۆڕێت بە پێجەوانەوە پارتی بەو بڕیارەی هەڵەیەکی ستراتیژی ئەنجام دا هاوشێوەی لایەنی سەدری .

دەپرسین :

بەشداری نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان چ کاریگەرییەکی لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکان دەبێت لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا؟

ئایا هەڵوێستی یەکێتی و لایەنەکانی تر چی دەبێت و دەبێت چۆن بێت؟

بێ بەشداریکردنی پارتی، ئایا هەڵبژاردن لە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک ئەنجام دەدرێت؟

بڕیاری ئەو حزبە کاریگەری لەسەر ئایندەی هەرێمی کوردستان و خودی ئەو حزبە چی دەبێت؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکرێت بە میوانداری:

سەربەست ئامێدی، سەرۆکی پێشووی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی هەرێم.

بڵێسە جەبار فەرمان، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان.

ئارام جەمال، بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن.

بڵێسە جەبار فەرمان:

ئەوەی ئێستا هەیە دەرئەنجامی ئەو سیاسەتە هەڵەیەیە کە ساڵانێکە لە هەرێم پەیڕەو دەکرێت، لەکاتێکدا لە هەرێم دیموکراسی نیە، ڕۆژنامەنوس دەخرێتە زیندان، پەرلەمان دوو ساڵ دادەخرێت و نوێنەرانی گەل و وەزیرەکانی گۆڕان دەنێردرانە ماڵ، کەچی داوای دیموکراسی و شتی ترمان لە عێراق دەکرد، ئێمە چەندین ساڵە دانمان بەخۆماندا گرتووە لە ترسی ئەوەی بەرامبەرەکەمان سیاسەتی ئەگەر پردم پێ دروست نەکرێت پێم دەڕوخێنرێتی پەیڕەو دەکرد لەپێناو نەڕووخانی هەرێمەکەمان.

ئەو هەڵوێستەی پارتی(بڕیاری بەشذارینەکردنی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم) بۆ ئێمە چاوەڕوانکراو بوو، چونکە چەند ڕۆژ لەمەوبەر سەرۆکی هەرێم داوای دواخستنی هەڵبژاردنەکانی کردبوو، دواخستنی هەڵبژاردنەکانیش لەم کاتەدا مەترسیە بۆ سەر هەرێم چونکە تورکیا بڕیاریداوە 40کیلۆمەتر بێتە ناوخاکی هەرێم و سنوری پارێزگای سلێمانی بە ناوچەی شەڕو پاکردنەوە لێی داناوە دەیەوێت هاوشێوەی عەفرینی لێبکات، ئەوەش بەمەبەستی زیندوکردنەوەی ویلایەتی موسڵ، بۆیە ئێمە ئەگەر پەرلەمانێکی هەڵبژێردراو و حکومەتێکی بەهێزمان نەبێ چۆن دەتوانین بە حکومەتێکی کاربەڕێکەر و بێ پەرلەمان ڕووبەڕووی ئەو داگیرکارییە ببینەوە، بۆیە ئەو بڕیارەی پارتی دەرهاویشتەی تر بەدوای خۆیدا دەهێنێت و لە بەرژەوەندی لایەنی دەرەکییە.

بەداخەوە پارتی هەرچی دەکات بەناوی هەرێم و کوردەوە دەیکات دەکرێت بەناوی خۆی بیکات نەک بە ناوی هەموو کورد.

وەکو بیرۆکە دەکرێت هەڵبژاردن بەبێ پارتی ئەنجامبدرێت، بەڵام وەک ئەمری واقعی ئێشتای کوردستان لەڕاستیدا ئەوە ناکرێت، ئەوە دەبێتە دوو ئیدارەیی زەق، یاخود حزبێکی وەک پارتی ڕێگربێت لەئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکرێت لایەنێکی تر سکاڵا لەسەر پارتی تۆمار بکەن کە مۆڵەتی حزبی لێوەربگیرێتەوە؟چونکە لایەنێک ڕێگربێت لەپڕۆسەیەکی دیموکراسی و ڕێگریکردن بێت لەهەڵبژاردن ئەنجامەکەی سکاڵا لەسەر تۆمارکردن بێت و وەرگرتنەوەی مۆڵەت بێت لێی، هیوادارین نەگەینە ئەوە چونکە وەک وتم سیناریۆی دووبارە بوونەوەی عەفرین لەئارادایە و پێویستە هەمووان یەک دەنگ بین.

دەبوایە ئێمە ئێستا هەموو لایەنە کوردییەکان شەڕی یاسای بودجە و یاسای نەوت و غاز و ناوچە جێناکۆکانمان بکردایە، بەڵام بەداخەوە شەڕی بایکۆتی هەڵبژاردن و دوو کورسی کەمتر و زیاتر دەکەین.

مەعلومە پارتی ترسی لەدەستدانی کورسی پەرلەمانی هەیە، ئێمە ڕامانگەیاندووە کە ئەمجارە دەمانەوێت سەرۆکی حکومەت لە ئێمە بێت بەفەرمی سەرۆکی حزبەکەمان لە چەندین کۆبوونەوە ئەمەی وتووە، بەپێی داتا و زانیارییەکانیش براوەی هەڵبژاردن ئەمجارە ئێمە دەبین، ئەم ترسەیە لای پارتی دروستکردووە، هەروەها ئەو دەنگە زۆرەی یەکێتی لە ناوچە جێناکۆکەکان هێنای، ترسی لەدەستدانی سەرۆکی حکومەت لە دوای هەڵبژاردن وایکرد کە پارتی ئەم بڕیارە بدات.

ئەو لایەنانەی(ئەمەریکا و یۆنامی)کە دەڵێن نیگەرانین ئەوە زمانی دیپلۆماسییە واتای ئێمە دژی ئەو بڕیارەین ئەوە بە زمانی دیپلۆماسی دەڵێن نیگەرانین، دەبێت ئەو نیگەرانیانە بەهەند وەربگیرێت، پارتی خۆی نەخاتە سوچێکەوە کە گەمارۆی سیاسی بدرێت

پێشبینی دەکەم ئەو داواکارییانەی کە سەرۆکی هەرێم لە کۆمسیۆنی کردووە بەشێکی جێبەجێ بکرێن کە ئێمەش ڕێگر نابین، ڕەنگە پارتی بە بڕیاری بایکۆتەکەیدا بچێتەوە چونکە هەر دوای بڕیارەکە شەوی ڕابردوو چەند هەڤاڵێکی ئەو حزبە ڕایانگەیاند، بایکۆتەکەیان بڕیاری کۆتایی نیە.

سەربەست ئامێدی:

بە بۆچونی من هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا دەکرێت ئەگەر پارتیش سور بێت لەسەر بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکان، بەڵام بەڕاستی ئاسان نیە لایەنێکی سەرەکی وەک پارتی بەشداری لە هەڵبژاردنەکان نەکات، سەرەڕای دەبێتە هۆی ئەوەی ژمارەیەکی کەمتری دەنگدەر بەشدار بێت کە لە دوو هەڵبژاردنی پێشووی عێراق تێبینی لەسەر هەڵبژاردنەکان ئەوەبوو کە خەڵک بەڕێژەیەکی کەم بەشداری کردووە، ئەمجارەش پارتی بەشداری نەکات جەماوەری ئەو حزبەش بەشدار نابێت و کاریگەری لەسەر ڕێژەی دەنگدەرانیش دەبێت، بڕواناکەم پارتی هاوشێوەی سەدرییەکان لە بڕیاری بایکۆتی هەڵبژاردنەکان پەشیمان ببێتەوە چونکە پارتی کە بڕیار دەدات مەرکەزی بڕیار دەدات، هەرچەندە لە سیاسەتیشدا هەموو شتێک واریدە.

پێویستە ئێستا هەموو لایەنەکان کۆببەنەوە و گفتوگۆ بکەن تا بگەنە ئەنجام ڕەنگە ئەوکاتیش پارتی پاشگەزببێتەوە لە بڕیاری خۆی، تاخۆی خەڵک بڕیاری خۆی بدات بەکێ بدات یا نا، خۆ ڕەنگە خەڵکەکە بایکۆتی هەڵبژاردن بدات و دەنگ بە هیچ کامیان نەدات، نەک لایەنی سیاسی بڕیاری بایکۆت بدات.

بڕیاری دادگای فیدراڵی بەپێی ماددە ٩٤ی دەستور دەبێت بەسەر هەموو لایەنەکان جێ بەجێ بکرێت، هەرچەندە لە هەندێک لە بڕیارەکان لە دەسەڵاتی خۆی لادەدات.

ئارام جەمال:

دەبوو پارتی ئەو بڕیارەی نەدایە، چونکە هەرێمی کوردستان وەک جاران لە دۆخێکی بەهێزیدا نیە، زیانمەندی یەکەم خودی پارتی خۆی دەبێت جۆرێکە لە خۆکوشتنی سیاسی بۆ خۆی، دەستوەردانی هەرێمی تێدا دەبێت، لێکەوتەی تری بەدوای تردا دێت، من ناتوانم بڵێم پارتی بەشداری ناکات، چونکە هێشتا کات ماوە، لەوە دەچێت بۆ بەدەستهێنانی چەند دەسکەوتێک بێت، بەڵام لەوسەریشەوە کە سەیری دەکەیت ئاسان نیە دادگای فیدراڵی بۆ شکۆی خۆی پەشیمان ببێتەوە لە بڕیارەکانی، بەڕاستی ئەوەی بەسەرماندا هات کە ماوەی پەرلەمانیان درێژکردەوە پارتی و یەکێتی و گۆڕان بێ ئاگا لەوەی ئەم درێژکردنەوە لەم کات و ساتەدا جیاوازە لەبەر ئەوەی پێگەی هەرێمی کوردستان لاوازە، دەبوو ئەو بڕیارەی بدایە پارتی چونکە ئەو بڕیارانەی لە دادگای فیدراڵی دەدرێت لە بەرژەوەندی نیە، بەڵام دەبێت پارتی گەورەتر بیربکاتەوە و ڕەنگە زیانمەندەکە نەک هەرخۆی هەرێمی کوردستانیش بێت، ڕەنگە کۆمەڵێک بڕیاری تری بەدوادا دێت، هەرێمی کوردستان ئێستا لەو نەخۆشە دەچێت کە تەنها ئۆکسجینی ماوە، ئەگەر لێی کەیتەوە دەمرێت، هەڵبژاردنیش بۆ هەرێمی کوردستان ئەو ئۆکسجینەیە، بۆیە سەرکردایەتی پارتی دەبێت گەورەتر مامەڵە بکەن تەنها و تەنها مەسەلەی بایکۆت وەک پەرچەکردار بەرامبەر دادگای فیدراڵی وەرنەگرێ، چونکە ئەمجارە هەر هەڵەیەکی ستراتیژی باجەکەی هەرێم دەیدا نەک بە تەنها پارتی یا لایەنێکی تر.

ڕاگەیەنراوەکەی پارتی بمانەوێت یا نا ئەرو مانایەی هەیە کە سەلماندی پارتی دڵنیایە دەنگەکانی پێشووی ناهێنێتەوە، بەدڵنیایی ئەگەر دڵنیابووایە ٤٥ کورسیەکە دەهێنێتەوە بڕیاری بایکۆتی نەدەدا.

ڕاگەیەنراوەکانی باڵوێزی ئەمەریکا و نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەمەریکا سەبارەت بە بایکۆتی هەڵبژاردنی پەرلەمان، پەیامی هۆشدارین هیوادارم پارتی لێییان تێبگات، ئەوروپا و ئەمەریکا تەنها داوای پاراستنی مافەکانی مرۆڤ و بنەماکانی دیموکراسیمان لێدەکەن کە هەڵبژاردنیش یەکێکە لەو بنەما و داواکارییانە، ئەمەریکا و ئەوروپا داوای پیشەسازی فڕۆکە و شەمەندەفەر دروستکردنیان لێنەکردووین، تەنها داوای دەستپێوەگرتنی بنەماکانی دیموکراسییان لێکردووین، بەڵام بەداخەوە ئەو دوو حزبە هێندەی لە خەمی مانەوەی خۆیانن لە دەسەڵات هێندە لە خەمی مانەوەی قەوارەی هەرێمدا نین.

XS
SM
MD
LG