Accessibility links

ئازادی و ڕەوایی لە هەڵبژاردنەکانی کۆماری ئیسلامی ئێراندا


بەشداریی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی زۆربەی وڵاتانی جیهانی سێهەمدا گرنگییەکی تایبەتی خۆیی هەیە لەو ڕوانگەیەوەی دەسەڵاتەکان لەو وڵاتانەدا وەک ڕەوایی پێدان بە خۆیان دایدەنێن، نەک ئەوەی هەڵبژاردن بە گرنگ بزانن.

لە هەموو هەڵبژاردنێکدا، ڕژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران وەک نمونەیەک لەو وڵاتانەی جیهانی سێهەم، بە ستایشەوە باس لە بەشدارییەکی زۆری خەڵک دەکات، بەڵام کاتێک بەراوردی ئامارە فەرمی و نافەرمییەکان دەکرێت، دەستبەجێ جیاوازییە گەورەکە دەبینرێت؛ هەربۆیەشە لە هەموو هەڵبژاردنێکی کۆماری ئیسلامیدا جا هەڵبژاردن بێت بۆ سەرۆکی ئێران یان بۆ مەجلیسی شورا، ئەو ڕێژەی بەشدارییەی دەنگدەران وەک بەربەستێکی گەورە دادەنرێت لەبەردەم ئەوەی لە جیهانی دیموکراتیدا بە هەڵبژاردنێکی ئازاد و ڕەوا ناودێر دەکرێت.

لە هەڵبژاردنە ئازاد و ڕەواکاندا هەموو کەسێک بەپێی ئەو مەرجە یاساییانەی دانراون، مافی خۆ هەڵبژاردنی هەیە، بەڵام لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا ئەو مافە بەدەست ئەنجومەنێکەوەیە و ئەو ئەنجومەنە کە لەژێر دەسەڵات و فرمانی ڕابەری کۆماری ئیسلامیدایە، بڕیاردەدات کێ بکاتە سەرۆک و کێش بنێرێتە پەرلەمان. نمونە زۆرن و لە دواترین هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئێراندا بە ئاشکرایی دەزانرا کە دەبێت ئیبراهیم ڕەئیسی ببێتە سەرۆکی ئێران.

میوانەکانی بەرنامە:

سۆران پاڵانی، لێکۆڵەر لە ئەنستیتۆی چار

سۆران پاڵانی
سۆران پاڵانی

شەماڵ بەشیری، نوسەر و لێکۆڵەر

ئەندامانی ئەنجومەنی نیگەهبان لە ئێراندا ئەرکی لە بێژنگدانی بەربژێرەکانیان لە ئەستۆیە و ئەزموونەکانی هەڵبژاردنیش پێمان دەڵێن، بڕیارە بەراییەکان لەو ئەنجومەنەوەیە نەک لای دەنگدەران.

بەگشتی ئەگەر سەیرێکی ڕەوشی هەڵبژاردن بکرێت لە ئێراندا، وەک چاودێر لەناو وڵاتەکەوە ئاماژەی پێدەکەن "دەردەکەوێت زۆربەی خەڵک خۆیان دورەپەرێز گرتووە لە سندوقەکانی دەنگدان." ئەمەش بە مانایەکی تر یانی بڕوانەبوون و بێزاریی خەڵک لە سیستەمی فەرمانڕەوایەتی و لەو دامەزراوانەش کە ئەو سیستەمەی ئێران بەڕێوەیان دەبات.

شەماڵ بەشیری
شەماڵ بەشیری

کۆماری ئیسلامی ئێران بە ڕەوشێکی ناهەمواردا تێدەپەڕێت لەسەر سەکۆی نێونەتەوەیی، بەڵام ئەو ڕەوشە وەهای نەکردووە کۆنەپاریزانی ئێران کە ئێستا زۆربەی هەرە زۆری جومگەکانی دەسەڵاتیان لەلایە، هەر هیچ نەبێت تا ئەندازەیەک سیاسەتی ناوخۆیی خۆیان بگۆڕن و دەرفەتێک، ئەگەر کەمیش بێت بڕەخسێنن بۆ خەڵک؛ ئەمەش لای زۆرێک لە شیکەرەوە و چاودێر وەها کەوتۆتەوە کە ئەم ڕژێمەی ئێستای ئێران، بە بەرنامە کاردەکات تا خەڵک بەشدارییەکی ئەوتۆ نەکەن لە هەڵبژاردنەکاندا، تا ئەوەی خۆی مەبەستیەتی بگەیەنێتە ئەو شوێنانەی پێشوەخت و بەر لە هەڵبژاردن بۆیان دەستنیشان کراوە.

بەرەیەک هەیە لە ئێراندا ناوی لێنراوە، بەرەی ڕیفۆرمخوازان؛ ئەم بەرەیە لەگەڵ ئەوەشدا کە بڕوای بە دەستوری کۆماری ئیسلامی ئێران هەیە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی توندڕەوانی ئێرانییەوە کە ئایەتوڵا عەلی خامنەئی ڕابەرایەتییان دەکات، ئەم بەرەی ڕیفۆرمخوازە بەتەاوەتی لە پەراوێز نراوە.

ڕیفۆرمخوازانی ئێران لە ئێستادا دابەشبوونێکی تێکەوتووە، بەشێکیان لەگەڵ بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکاندان و بەشێکی تریشیان لەوبڕوایەدایە پێویستە پارێزگاری لە پرۆسەی هەڵبژاردن بکرێت لە ڕێی بەشدارییەکی بەرفراوانەوە لە هەڵبژاردنەکاندا.

دەقی وتووێژی بەشی کوردی کوردی دەنگی ئەمەریکا لەگەڵ شەماڵ بەشیری و سۆران پاڵانی.

please wait

No media source currently available

0:00 0:49:38 0:00
Direct link

XS
SM
MD
LG