Accessibility links

بژاردەکانی بەردەم ئەمەریکا بۆ وەڵامدانەوەی هێرشی ملیشیاکانی سەربە ئێران


سەرۆکی ئەمەریکا کوژرانی 3 سەربازی ئەمەریکایی و برینداربوونی زیاتر لە 30 سەربازی تریش ڕادەگەیەنێت لە ئاکامی ئەو هێرشەی بە درۆن کراوتە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا لە باکوری ڕۆژهەڵاتی شانشینی ئوردوندا لە نزیک سنوری سوریاوە.

جۆو بایدن، سەرۆکی ئەمەریکا لە ڕاگەیەندراوەکەی ڕۆژی یەکشەممەیدا دەڵێت "ئەو هێرشە ڕێکخراوەچەکدارەکانی کە ئێران پشتیوانییان دەکات کردویانە، ئەمەریکا سزای "هەموو ئەوانە دەدات کە بەرپرسیارن لە کوژران و برینداربوونی سەربازە ئەمەریکاییەکان، لە کاتی گونجاو و بە شێوازی گونجاویش."

ئایا کاتی ئەوە هاتووە ئەمەریکا ڕاستەوخۆ لە ئێران بدات، هەر هیچ نەبێت بۆ کەمکردنەوە یان ڕاگرتنی تەواوەتی ئەو هێرشانەی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران؟

دکتۆر نزار حەیدەر، سەرۆکی نێوەندی ڕاگەیاندنی عێراق لە ئەمەریکا دەڵێت ئەو هێرشەی ڕۆژی یەکشەممە بەرزکردنەوەیەکی ترسناکی ئاستی ئاڵۆزی و قەیرانەکانە لە ناوچەکەدا و دەشڵێت "دەکرێت ئەو هێرشە بە بەزاندنی هێڵە سوورەکان ناودێر بکرێت لەو بەرەنگاربوونەوانەی کە بە لە بری دەکرێن لە ناوچەکەدا، واتە شەڕەکانی بە لە بری دەکرێن لە نێوان لایەنەکانی ناوچەکەدا و ئەمەریکا، هەربۆیە دەڵێم ئەمەریکا وەڵامێکی توند و یەکلاکەرەوەیشی دەبێت."
دکتۆر نزار لەوبڕوایەدایە وەڵامی ئەمەریکا وەک دەڵێت "بە ئەندازەی ئەو هێرشە دەبێت کە لە سەرەتای ساڵی 2020دا لە نزیک فڕۆکەخانەی نێونەتەوەیی بەغداوە ڕوویدا و قاسم سولەیمانی تیادا کوژرا، جا لەوانەیە ئەو بەرسڤە لەناو خاکی عێراقدا بکرێت یانیش لەناو خاکی ئێراندا، ئەڵبەت دەشێت لەناو خاکی سوریاشدا بێت، بەڵام لە هەمان کاتیشدا پێموانییە ئەمەریکا بیەوێت ڕاستەوخۆ بەرەنگاری ئێران ببێتەوە لەم ڕەوشی بەرزکردنەوەیەی ئاستی مەترسییەکانی ئەو قەیرانانەی لە ناوچەکەدا هەن."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، واشنتۆن بژاردەکانی خۆی ئاشکرا نەکردووە بۆ چۆنیەتی وەڵامدانەوەی ئەو هێرشەی ڕۆژی یەکشەممەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران، بەڵام شیکەرەوە ئاماژەیان کردووە بە چەند سیناریۆیەک کە دەشێت وەک وەڵامدانەوەی ئەو هێرشە بەکاربهێنرێن.

لەوەتای شەڕی حەماس ئیسرائیل دەستیپێکردووە، هێرشەکانی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان زیاتر بووە بۆ سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریادا، ئەمەش یەکەمین جارە لە ئاکامی ئەو هێرشانە خوێنی سەربازی ئەمەریکایی بڕژێت.

دکتۆر نزار دەڵێت" ئەمجارەیان ئەوەی پێی دەگوترێت موقاوەمەی ئیسلامی، هێڵی سووری بەزاند."

کۆماری ئیسلامی ئێران هێزە میلیشیاییە لە یاسا دەرچووەکانی لایەنگری دەسەڵات لە تاران بەکاردەهێنێت، وەک دکتۆر نزار دەڵێت "لەم یاری مشک و پشیلەیەی لەگەڵ ئەمەریکادا دەیکات؛ بە مانایەکی تر، ئێران تا ئێستا لەناو خاکی وڵاتەکەیەوە بەردێکی نەگرتۆتە ئیسرائیل یان بنکەیەکی ئەمەریکا و کەشتییەکانی ئەمەریکا لە دەریای سووردا، بەڵکو هانی ئەوانە دەدات کە لە بری ئێران کار دەکەن لە یەمەن و عێراق و سوریا و لوبناندا، تا بەو شێوەیەی دەیبینین بەرەنگاری ئەمەریکا ببنەوە."

شوان حەمە، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت "ئێران پێشتریش گورزی گەورەی لێوەشێندراوە، لە میلیشیا شیعەکان لە سوریادا لە زیاتر لە شوێنێک زەبری بەرکەوتووە، پێدەچێت ئەو هێرشە بۆ سەر بنکەی تەنەف وەڵامدانەوەیەک بێت بۆ کوژرانەکەی سادق ئومێدزادە، فەرماندەی هەواڵگری یەکەی قودسی سەر پاسداران کە زیانێکی گەورە بوو بۆ ئێران، بە دووری نازانم پەرەسەندنی زیاتری هەوڵگریی ئەمەریکا و ئیسرائیل لە ناوچەکەدا و بەتایبەتیش لە سوریادا بەهێزتر بێت. باوەڕناکەم ئەمەریکا تا دوای هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئەمەریکا بیر لە گورز وەشاندنێکی ڕاستەوخۆ بکاتەوە دژ بە ئێران، بەڵام زۆر پێدەچێت گورزێکی بەهێزتر لە میلیشیا عێراقییەکان بدات و بە دوریشی نازانم ڕاوێژکارە ئێرانییەکان لەناو هێزە میلیشیاییەکانیشدا بە ئامانج بگرێت."

دکتۆر حامد ئەلسەڕاف، شیکەرەوەی سیاسی لەو بڕوایەدایە ئەمەریکا ناتوانێت ڕاستەوخۆ لە ئێران بدات و دەڵێت "شەڕەکە هەر لە چوارچێوەی شەڕی بە لە بریدا دەمێنێتەوە و چەند جارێکیش بایدن جەختی کردۆتەوە لەوەی نایەوێت پەرە بە ململانێکان بدات لەگەڵ ئێراندا و ناشیەوێت ئاستی قەیرانەکان بەرز بکاتەوە و بگاتە ئاستی بەرەنگاربوونەوەی ڕاستەوخۆ لەبەر چەند هۆکارێک، لەوانە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا و شەڕی ئۆکراین و شەڕەکانی غەززە؛ ئەمانە بێ لەوەی کە وەک بارێکی باو دیموکراتەکان مەیلیان زیاتر بەلای ئەو جۆرە چارەسەریانەدایە کە هاوسەنگیی زیاتری تیادایە بە بەراورد لەگەڵ کۆمارییەکاندا."
هەموو وڵاتانی ناوچەکە و وڵاتانی تری کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی داوادەکەن ڕێگە لە پەرسەندنی زیاتری قەیرانەکان بگیرێن لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ڕێگەش نەدرێت شەڕی حەماس ئیسرائیل ببێتە هۆکارێک تا شەڕەکە گەورەبێت و ناوچەکە بگرێتەوە.

دکتۆر حامد السەڕاف "شەڕی هەرێمی لە ئێستادا هەیە، هەر تەنها یەک شەڕیش نییە و قەیران و ململانێ هەن و لە پەرەسەندنی زیاتریشدان؛ ئەوەی لە غەززە ڕوودەدات، ئەو کۆمەڵکوژیانەی دەکرێن، ئاوارەبوونی خەڵک و هەبوونی برسێتی، بەشدارییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی ئەوەی بە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی ناو دەبرێت و حوسییەکانی یەمەن و حزبوڵای لوبنان و ئێران و ئەوجا وەرە عێراق و سوریا و ئەمە بێ لەوەی وڵاتانی تری وەک میسر و ئەلجەزایر و سوریا لە خۆئامادەکردندان، ئەمانە وەها دەکەن بڵێم بەڵێ شەڕی غەززە و ئیسرائیل بۆتە شەڕێکی هەرێمی فرە ڕەهەندیی. بەڵێ شەڕێکی هەرێمی هەیە بەڵام ئەوەیە لەشکرەکان و دامەزراوە لەشکرییەکانی وڵاتانی ناوچەکە هێشتا بە ڕاستەوخۆ بەشدارنین تیایدا؛ هەرچەندە بە دووریشی نازانم هاوکارییەکی زۆر هەبێت لە نێوانیاندا."

شوان حەمە، نوسەر و لێکۆڵەر، هاوڕایە و دەڵێت "شەڕی حەماس ئیسرائیل پەرەی سەندووە و زیاتریش پەرە دەسەنێت، ئەوەتا لە عێراق و سوریا و لوبنان و یەمەن و ئیسرائیل جەنگ و پێکدادان هەن، پڕیشکی ئەم شەڕانە بەر پاکستانیش کەوتووە، بۆتە شەڕە موشەک و درۆن، ئەگەرچی ڕاستەوخۆ دژی هێزە سەربازییەکانی یەکتر نییە، بەڵام ئەوەی ڕوودەدات پەرەسەندنێکی نوێیە. ئێران ئامادەیە تا دوا چەکدارای میلیشیاکان لە عێراق و سوریا لوبنان و یەمەندا بەکاربهێنێت بۆ ئەو شەڕانە، بەڵام ئامادە نییە شەڕ بەرێتە ناو خاکی خۆیەوە و ئەو شەڕانە بە سوپاکەی خۆی بکات."

دکتۆر نزار دەڵێت "بەڵێ شەڕ لە ناوچەکەدا هەیە بەڵام بە لە برییە و تا ئێستا ڕاستەوخۆ ئێران بەرەنگاری ئەمەریکا نەبۆتەوە و هەروەها بە ڕاستەوخۆش بەرەنگاری ئیسرایلیش نەبۆتەوە، هەربۆیە هەموو ئەو کردانەی دەکرێن بە لە برییە."

ئەوەی ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگوزەرێت، ڕەهەندی جیهانیانەیشی هەیە و وەک دەگوترێت ئەگەر ڕووداوەکان زیاتر پەرە بسەنن و لە کۆنترۆڵ دەربچێت، ئەوا ئەگەری شەڕێکی جیهانیانەش بە دور نازانرێت.
دکتۆر حامد ئەلسەڕاف دەڵێت "بەڵێ دەکرێت ئەم شەڕە هەرێمییە بە شەڕی جیهانیش ناوببەین، ئەوەتا کەشتییە فڕۆکە هەڵگرەکان و کەشتی تری جەنگی و ژێردەریایی ناوکی و کەشتی بەریتانیایی و فەڕەنسایی و ئەڵمانیایی و هی شوێنی تریش لەوێن، ئەم ڕەوشە کاریگەری نەرێنی ئابوریشی بە دوای خۆیدا هێناوە و لە بیریشمان نەچێت وڵاتی چین و ڕوسیاش خاوەنی هێزی دەریایی و کەشتیی جەنگین، ئیدی ئەمانە هەمووی پیکەوە ئاماژەن بەوەی کە ئەم قەیرانە لە شەڕێکی هەرێمی گەورەترە و ئاماژەن بەوەی شەڕێکی جیهانیی لە ئارادایە."

بەڵام شوان حەمە، ئەو ئەگەرە بە لاواز دەبینێت و دەڵێت " ئەم شەڕانە دوای شەڕی ڕوسیا ئۆکراین هاتوونەتە ئاراوە و ڕەنگە سودمەندی گەورە لەم پەرەسەندنانە ڕوسیاییەکان بن، چونکە ئێستا ئەمەریکا و ئەوروپاییەکان و ئیسرائیلیش سەنگییان لەسەر ئەو ناوچەیەیە و چۆن کۆنترۆڵ بکرێت، ڕاستە لە زیاتر لە جوگرافیایەکدا شەڕ و پێکدادان هەیە وخەریکە بەرەکانیش جیا دەبنەوە، بەڵام دروستبوونی شەڕێکی جیهانیی ئەگەرێکی زۆر لاوازە، وەلێ نابێت ئەو ئەگەرە نادیدە بگیرێت، چونکە لەوانەیە پەرەسەندنەکان بگەنە ئەوەی زلهێزەکان ڕاستەوخۆ بچنە شەڕەوە دژ بە یەکتر."

وێنەیەک لە ناوچە سنورییەکانی نێوان شانشینی ئوردون و سوریا
وێنەیەک لە ناوچە سنورییەکانی نێوان شانشینی ئوردون و سوریا

هێرشی ڕۆژی یەکشەممەی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان بۆسەر بنکەیەکی سەربازیی ئەمەریکا لەناو خاکی شانشینی ئوردوندا، هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی دانوستاندنەکانی نێوان بەغداد و واشنتۆن بۆ داڕشتنی شێوازێکی نوێی کار و ئەرکەکانی هێزە سەربازییەکانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی کە هێزەکانی ئەمەریکاش بەشێکن لەو هاوپەیمانێتییە.

دکتۆر نزار حەیدەر، جەخت دەکاتەوە لەوەی ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا لە عێراق و سوریاشدا هیچ شتێک لە ڕاستییەکان ناگۆڕن و دەڵێت " لە پەیوەندی بە پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراقەوە، پێموانییە ئەم هەموو کارانەی بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی قەیرانەکان دەکرێن، کاریگەری هەبێت بەسەر سروشتی بوونی ئەمەریکا لە عێراقدا، چونکە ئەم سیستەمە سیاسییەی ئێستا لە عێراق هەیە، ئەمەریکا لە ساڵی 2003دا دروستیکرد دوای ڕوخاندنی رژێمی دیکتاتۆری لە وڵاتەکەدا، لەبەرئەوە هەروا سانا نییە بڵێین عێراق جێبهێڵێت یان بکشێتەوە، بەتایبەتیش کە حکومەتی عێراق، هێزەکانی ئەمەریکا بە هێزی ڕاوێژکارانی هاوپەیمانان ناودێری دەکات؛ ئەو هێزانە لە ساڵی 2014دا لەسەر داوای حکومەتی ئەوسای عێراق کە نوری ئەلمالیکی سەرۆکایەتی دەکرد، گەڕاونەتەوە بۆ عێراق بەپێی پرۆتۆکۆڵ ژمارەیەک مەرج، ئێستاش کە دەڵێن پێویستە ئەو هێزانە بچنە دەرەوە، ئەوا لە ڕاستیدا تەنها بۆ بەکاربردنی ناوخۆییە و فشار خستنە سەر حکومەتەکی سودانییە کە ئێران چوار دەوری گرتووە و لایەنەکانی سەر بە ئێرانیش لە هەوڵی بازرگانیکردندان بەم دۆسێیەوە لە کاتێکدا حکومەتەکەی سودانیی کۆمەڵێک وابەستەیی لەسەرە لە بەرامبەر ئەمەریکا و هاوپەیمانانی نێونەتەوەییش."

وتووێژی نێوان عێراق و هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا
وتووێژی نێوان عێراق و هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا

شوان حەمە، نوسەر و لێکۆڵەر دەڵێت "ئەو ڕووداوانە تەنانەت ئەگەری ئەو دەنگۆیەش کەم دەکەنەوە کە دەگوترا ئەمەریکا لە عێراق و سوریا دەکشێتەوە، بەڵام ئەو هێرشەی ڕۆژی یەکشەممە ئەو ئەگەرەی کاڵ کردەوە چونکە ئێستا شانشینی ئوردون کەوتۆتە بەر هەڕەشە و مەترسی میلیشیاکانەوە. ئێستا بابەتەکە هەر تەنها عێراق و سوریا نییە بەڵکو بۆتە بابەتێکی گشتگیر لە ناوچەکەدا. ئەو هێرشەی ڕۆژی یەکشەممە پێش کۆبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی مانگی داهاتووی نێوان پەنتاگۆن و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا و دەزگای هەواڵگری (سی ئای ئەی) دێت کە سەبارەت بە سوریا و ڕۆژئاوای کوردستان دەبێت، دەشێت ئەو کۆبوونەوەیەش هەندێک هاوکێشە بگۆڕێت."

هەرچۆنێک بێت گۆڕانی هاوکێشەکان ئەگەریان زۆرە، بەتایبەتیش وەک دکتۆر حامد السەڕاف دەڵێت "لە قۆناغی داهاتوودا گۆڕانێکی بنچینەیی دروست دەبێت لە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئەمەریکادا، بە گشتی ئاڕاستەکان بەرەو ڕۆژهەڵات دەچێت و بەتایبەتیش وڵاتی چین کە بۆتە جەمسەرێکی گەورە، ئەوەتا ئێران و عەرەبستانی سعودیە دەبنە ئەندامی برکس."

بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی، بەرپرسیارێتی خۆی لەو هێرشەی ڕۆژی یەکشەممە ڕاگەیاند، زۆربەی لایەنەکانی ئەو بەرەیە بریتین لە میلیشیا شیعەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.
تاران دوای ئەو هێرشە، پەیامێک بڵاودەکاتەوە و دەڵێت "بەرەی مقاوەمە هیچ پەیوەندییەکی بە ئێرانەوە نییەوە بڕیار لە ئێرانەوە وەرناگرێت و بەرەیەکی سەربەخۆیە."

XS
SM
MD
LG