Accessibility links

بۆچی بەشێک لەموچە خۆرانی هەرێم متمانەیان بە کردنەوەی "هەژماری من" نیە؟


hajmar
hajmar

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە 28-2-2023، دەست پێشخەری "هەژماری من" ی ڕاگەیاند، کە پرۆگرامێکی گشتگیری داراییە بەمەبەستی دابینکردنی ژمارەی بانکی بۆ فەرمانبەران و هێزە ئەمنیەکان و خانەنشیانی کەرتی گشتی بۆ دەست ڕاگەیشتن بە موچەکانیان. سەرباری ئەوەی 150 هەزار موچەخۆر هەژماریان بۆ وەرگرتنی موچەکانیان لە داهاتوودا کردووەتەوە، بەڵام بەگوتەی سەرپەرشتیارێکی پەروەردەیی"بەشێک لە فەرمانبەران و مامۆستایان ترسیان لەکردنەوەی هەژماری من هەیە، بەو پێەی ترسەکە لەوەوە سەرچاوەی گرتووە بانکەکان سەر بەبەرپرسان بن."

گوڵاڵە سدیق شارەزای دادوەری لەبواری دارایی و بانک، بەدەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " ئێمە لەکوردستاندا کێشەمان لە پێدانی موچە هەیە، نەک لە شێوازی پێدانی موچەکە، چونکە بۆهەمووان ڕوونە ئێستا لەمانگی یانزەداین، بەڵام تائێستا موچەی مانگی هەشت دابەشکراوە. لەلایەیەکی تر فەرمانبەران لە ساڵانی ڕابردوودا موچەکانیان چەند مانگێک پێنەدراوە و هەرجارەو ناوێکی لێنراوە چ بە پاشەکەوت بێت یا لێبڕین و خۆگونجاندن بێت. هەروەها، خاڵێکی گرنگتر پلە بەرزکردنەوەی فەرمانبەرانە کە ساڵانێکە ڕاگیراوە."

گوڵاڵە سدیق دەڵێت بۆ دابینکردنی ژمارە بانکییەکە هەر موچەخۆرێک دەبێت بڕێک پارە بدات بە بانکەکان کە ئەمە دەبێتە هۆی "پارەدارکردنی دوو بۆ سێ بانکی ئەهلی."

بەپێی دواین ئاماری ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم، ملێۆنێک و 255 هەزار و 273 موچەخۆر هەیە لە هەرێمی کوردستان و مانگانە پێویستیان بە 898 ملیار دینارە. ئەو ژمارەیەش بەم شێوەیە دابەشبوونە: 752 هەزار و 959 کەس فەرمانبەری ڕاستەقینەن و بریتین لە مامۆستای و فەرمانبەر و هیزە ئەمنیەکان؛ هەروەها 502 هەزار و 364 کەسیان بریتین لە خانەنشیان و شەهیدان و ئەنفالکراوان و کۆمەڵایەتی.

قادر ئیسماعیل، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی لەگەرمیان بەدەنگی ئەمریکای، ڕاگەیاند،" ترسی موچەخۆر بەتایبەت مامۆستا لەوەدایە کە 'هەژماری من' تەنها ناوێک بێت و هیچ پارەیەک نەچێتە سەر هەژماری موچە خۆران."

بە بۆچوونی ئەو سەرپەرشتیاری پەروەردەیە، " هەر لە دوایی ڕاپەرینی ساڵی 1991ەوە بانکەکان متمانەیان لەلای فەرمانبەران و ماستایان نەماوە، بۆیە بەهەمان شێوە ئەو ترسە هەیە."

قادر ئیسماعیل وتیشی، " کارێکی ئاسانە گەر حکومەت بتوانێت ئەو متمانەیە بگەڕێنێتەوە بۆ بانکەکان. دواین ترس ئەوەیە گەر موچەخۆر ئەو کارتەی هەبوو و پارە چووە سەر هەژماری لەکوێ بتوانێت خەرجی بکات و بچێتە بیست شوێن و نەتوانێت خەرجی بکات ئەوەش کێشەیە. واتا ئالیەتی ئەلیکترۆنیەکەی کێشەیە و ڕوون و ئاشکرایە کە ترسەکە لەوەدایە بەرپرسەکان خاوەنی بانکەکان بن."

بەڵام بە بڕوای دکتۆر کامەران قادر، مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی و ئابوریناس، پرۆژەی "هەژماری من" لە داهاتوودا کاریگەری گەورەی دەبێت لەسەر بازار .

کامەران قادر ڕایگەیاند،"دواجار ئەمە دەبێت بەکلتور کە بەسیتەمی بانکی کار بکرێت، کاریگەری گەورەی دەبێت. لە داهاتووەشدا ئەمە دەبێت بەبناغەی ئەو تەکنەلۆجیای کە ئێستا لە دونیا پێشکەوتوودا هەیە. بەڵام ڕایی من وایە، ئەم پرۆسەی هەژماری منە لەم قۆناغە زیاتر تەکنیکە لەوەی ئابوری بێت، بەڵام پرۆسەکە باشە بەو مەرجەی پارە بەردەوام بەردەست بێت و تەنها ژمارە نەبێت."

ئەو مامۆستایە پێیوایە یەکێک لە ئاستەنگە سەرەکیەکانی پرۆژەکە لە ئێستادا بریتییە لە پشتبەستنی حکومەتی هەرێم بە حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی موچە و ناجێگیری هاتنی پارە لە بەغداوە.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی بە ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایەوە کرد، بەڵام جگە لەو ڕوونکردنەوانەی گشتیانەی بڵاویان کردووەتەوە ئامادەنەبوون هیچی تر لەسەر پرۆسەکە بڵێن.

بەپێی ئەو ڕوونکردنەوەیەی کە فەرمانگەی میدیا و زانیاری حکومەت بڵاویکردووەتەوە، ئامانج لە پرۆژەکە هەوڵی مۆدێرنکردنی کەرتی بانکی و بەرەو پێشبردنی گەشەی ئابوریە لە هەرێمی کوردستان "بۆ بەرەو پێشبرنی چاکسازی و گۆڕانکاری ڕیشیەی و پاڵپشتی پارەدانی دیجیتاڵی لە هەرێمی کوردستان."

بەپێی ڕوونکردنەوەکەی حکومەت بێت، "هەژماری من" چەندین سودی بۆ هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان دەبێت، لەبواری ئاسانکاری و سەلامەتی، وە دەبێتە هۆی پێدانی موچەی فەرمانبەران بەشێوەیەکی ڕێک و پێک و لەکاتی خۆیدا، بەبێ بوونی نۆرە و کاتی زۆر، ئەمە جگە لە توانای دەستگەیشتن بە پارە لە هەرشوێنێک.

بەڵام هەندێک لە سیاسەتمەدار و یاسا دانەرانی ڕەخنەگر لە حکومەت بە گومانەوە سەری ئەم پرۆژەیە دەکەن.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕوونکردنەوەیەکیدا لەمبارەوە نوسیوێتی، "هەژماری من نە موچە دابین دەکات و نەپێشی دەخات، بەڵکو ئەو پارەیەی لە بەغداوە دێت، لەبری حکومەت و فەرمانگەکان، فەرمانبەر دەچێت لە بانکێکی ئەهلی وەریدەگرێت."

پرۆسەی تۆمارکردنی" هەژماری من" تائێستا تەنها لە هەولێر و دهۆک دەستی پێکردووە. هۆکاری دەستپینەکردنی پرۆسەکە لە سلێمانی و هەڵەبجە ڕوون نییە و بەرپرسانی حکومەتیش لەسەر ئەم بابەتە ئامادەنەبوون لێدوان بدەن.

please wait

No media source currently available

0:00 0:06:18 0:00
XS
SM
MD
LG