Accessibility links

دار و ڕووەکەکان بە چ شێوەیەک لە کاتی مەترسیدا یەکتر ئاگادار دەکەنەوە


مرۆڤەکان لە کاتی هەستکردن بە مەترسی، چەندین ڕێگەی جۆراوجۆریان هەیە بۆ دەربڕینی هەستەکانیان و ئاگادارکردنەوەی کەسانی دیکە لە مەترسییەکان. دیارە ڕووەکەکان وەک مرۆڤ گوێ و دەمیان نییە، بەڵام لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە کە دار و ڕووەکەکانیش پێکەوە پەیوەندییان هەیە و بە دەردانی ماددە کیمیاییەکان لە ڕێگای میکانیزمێکەوە کە بە "ئاوێتەی ئەندامی" ناسراون، لە حاڵی یەکتر ئاگادار دەبنەوە، واتە لە بری وشە، مادەیەکی کیمیایی دروست دەکەن و دەیگوازنەوە بۆ ڕووەکەکانی دیکە و بەو شێوەیەش پێکەوە گفتوگۆ دەکەن و یەکتر لە مەترسییەکانی دەورووبەر ئاگادار دەکەنەوە.

توێژینەوەیەکی نوێ دەریخستووە کە دار و ڕووەکەکان لە کاتی برینداربوونیاندا هەندێک پێکهاتەی کیمیایی لە خۆیان دروست دەکەن کە دەتوانن دزە بکەنە ناو شانەکانی ناوەوەی ڕووەکێکی تەندروست و بەم شێوەیەش یارمەتیدەر دەبن لەوەی سیستەمی بەرگری لە دار و ڕووەکەکانی دیکەدا بەرامبەر بە هەڕەشەکان چالاک بکەن.

توێژەران پێیان وایە تێگەیشتنێکی باشتر لەم میکانیزمە دەتوانێت یارمەتی زانایان و جووتیاران بدات بۆ ئەوەی دار و ڕووەکەکان پێشتوەختە لە وشکەساڵی و هێرشی مێرووەکان بپارێزن.

ماساتسوگو تۆیۆتا، نووسەری باڵای توێژینەوەکە کە ڕۆژی سێشەممە، 24ی مانگی دە لە گۆڤاری زانستی نەیچر کەمیونیکەیشێنز (Nature Communications) بڵاوکرایەوە، گوتی بۆ یەکەمجار توێژەران توانیویانە "پەیوەندیکردنی ڕووەک بە ڕووەکەوە ببینن" و گوتیشی "پێدەچێت بتوانین ئەو سیستەمە بەکاربهێنین بۆ ئەوەی تەواوی ڕووەکەکە ئاگادار بکەینەوە بۆ چالاککردنی سیستەمی بەرگرییان لە بەرامبەر ئەگەری هەڕەشەکانی ژینگەیی، وەک وشکەساڵی."

بیرۆکەی "قسەکردنی دارەکان" لە هەشتاکانی سەدەی ڕابردووەوە دەستی پێکردووە. ئەو کات دوو ئیکۆلۆژیست سەدان کرم و مێروویان لەسەر لقەکانی دوو دار دانا بۆ ئەوەی بزانن کاردانەوەی دارەکان چ دەبێت و چۆن وەڵام دەدەنەوە، ئەوان بۆیان دەرکەوت کە ئەو دارانەی هێرشیان کراوەتە سەر، دەستیان کردووە بە بەرهەمهێنانی مادەیەکی کیمیایی کە وایکردووە کرم و مێرووەکان ئارەزووی خواردنی گەڵاکانیانیان نەمێنێت.

ئەوەی بۆ زاناکان سەرنجڕاکیش بوو، ئەوە بوو کە درەختی تەندروستیان لە هەمان جۆر لە دووری 30 یان 40 مەتر دۆزیەوە کە هیچ پەیوەندییەکی ڕەگیان بە دارە زیانلێکەوتووەکانەوە نەبوو، بەڵام بە هەمان شێوەی ئەوان بەرگری کیمیایییان دروستکردبوو بۆ ئەوەی خۆیان لە دژی مێرووەکان بپارێزن.

دواجار بۆ توێژەران دەرکەوت کە دارەکان لە ڕێگەی هەواوە سیگناڵی کیمیاییان بۆ یەکتر ناردووە. لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا زانایان ئەم پەیوەندییە خانە بە خانەیەیان لە زیاتر لە 30 جۆری ڕووەکدا بینیووە، لەوانە فاسۆلیا، تووتن، تەماتە، و ڕووەکە گوڵدارەکان لە خێزانی خەردەل.

مرۆڤ ناتوانێت ئەو دەنگانەی ڕووەک بەرهەمی دەهێنن، ببیستێت و لە ڕاستیدا بەو پێیەی دەنگی ڕووەکەکان زۆر ئاڵۆزە، بۆیە توێژەران کاریان لەسەر گۆڕینی دەنگەکان کردووە بۆ ئەوەی بتوانرێت لە ڕێگەی مرۆڤیشەوە ببیسرێت.

زاناکان دەڵێن بە سەرنجدان بەوەی کە هەندێک لە گوڵەکان لە ڕێگەی دروستکردنی شیلەی زۆرترەوە هەوڵی نزیکبوونەوە لە گەردەنکەران دەدەن، ئەگەری ئەوە هەیە کە بوونەوەرەکانی دیکەش بتوانن گوێیان لەو جۆرە پەیامانە بێت کە ڕووەکەکان دەینێرن و ئەمەش دەتوانرێت وەک بنەمایەک بۆ لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو بەکاربهێنرێت.

پێشتریش توێژەران ڕایانگەیاندبوو کە بە مایکرۆفۆنی تایبەت کە دەنگی شەمشەمەکوێرە دیاری دەکات، دەتوانن گوێ لە ڕووەکیش بگرن. کۆمەڵێک جۆری بەرفراوانی ڕووەک، لە تەماتەوە تا کاکتوس، کاتێک ڕووبەڕووی سترێس و هەڕەشە دەبنەوە، دەنگێک دروستدەکەن کە لەلایەن مێرووەکانەوە دەبیسترێت. زانایان سەرنجیان خستوەتە سەر ئەو دەنگانە بۆ دۆزینەوەی ڕێگەی نوێ بۆ دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن و چاودێریکردنی زیاتر ڕووەکەکان.

XS
SM
MD
LG