Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: زانیار زەینەب


هەمیشە کاری وەرگێڕان وەک بنەمای سەرەکی بۆ ڕۆشنبیری لێی دەڕوانرێت و بەردەوامیش سەنگ و قورسایی خۆی هەیە و بە بەشێکی دانەبڕاویش دادەنرێت لە هۆکارەکانی پێشکەوتنی ژانرە فەرهەنگییەکاندا.
توانایی و کارامەیی لە وەرگێڕاندا دەبنە سەنگی مەحەک بۆ ناسینەوەی ئەندازەی پرۆفێشناڵی لای خودی وەرگێڕ و هەروەهاش لای تێکستە وەرگێڕدراوەکە.
وەک زۆرێک لە لێکۆڵەرەوە جەختی لێدەکەنەوە، زانینی زمانەکان بۆ وەرگێڕ گرنگە و بەهەمان شێوەش شارەزاییەکی تەواو لەو بوارەی وەرگێڕانی تیادا دەکات، جا ئەدەبی بێت یان سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتی و هتد.

گرنگە وەرگێڕ پاش تەواو کردنی هەر کارێکی وەرگێڕان خۆی ببێتە یەکەم خوێنەر و یەکەم ڕەخنەگریش لە کارەکەی و لەسەر ئەو بنچینەیە پێداچوونەوە بە وەرەگێڕانەکەیدا بکات و دوا بڕیاری خۆی لەسەر بدات بەر لەوەی ئەو وەرگێڕانە بخاتە بەر دیدی خوێنەران، ئەمەش بێگومان دەچێتە خانەی ستراتیژیەتی کاری وەرگێڕەوە.
زۆرێک لە پسپۆڕانی بواری وەرگێڕان بڕوایان وەهایە لە پشت هەر کارێکی وەرگێڕانەوە مەبەستێک هەیە، بەو مانایەی بزانرێت بۆ چ مەبەستێک دەقێک یان هەر بابەتێکی تر وەردەگێڕدرێتە سەر زمانی دایک؛ لێرەدا زۆر گرنگە بزانرێت کە خوێنەرانی دەق یان بابەتی وەرگێڕدراو کێن و بۆ چ مەبەستێکیش کاری وەرگێڕانەکەیان دەخرێتە بەردەست.

ئەوەی نکوڵی لێناکرێت ئەوەیە کە وەرگێڕان کاریگەری و ڕۆڵێکی گەورەی هەیە لە ژیانی کۆمەڵگەکان بە گشتی و تاکەکانی کۆمەڵگەش بەتایبەتی. لەم سەروەختەی ئێستاماندا تەکنەلۆژیاش بەشداریی هەیە لە وەرگێڕاندا، بەڵام لەبیرمان نەچێت هەر یەکێک لەو دوو جۆرەی وەرگێڕان جا ئایا وەرگێڕ ڕاستەوخۆ کارەکە بکات یان ئامێری کۆمپیوتەر ئەو کارەی بۆ بکات، هەردووکیان کاری مرۆڤن.
هەستکردن وتێگەیشتن دوو چەمکن لە وەرگێڕاندا فەرامۆش ناکرێن، چونکە لەو دوو چەمکەوە دەتوانرێت دنیابینیەکانی نوسەر و وەرگێڕیش بناسرێن.

وەرگێڕان لە هەموو قۆناغەکانی تەمەنی خۆیدا وەک پڕۆژەیەک بۆ برەوپێدان و هەڵسانەوە و گەشەکردنی فەرهەنگی کۆمەڵگە لێی دەڕوانرێت، وەرگێڕان ئەوەندە گرنگە کە دەکرێت بگوترێت تەنانەت کاریگەریشی دەبێت بەسەر جوانبینیەکانی تاکەکانی کۆمەڵگەوە.

زانیار زەینەب،لە وەرگێڕانی ژمارەیەک وتاری ئەدەبی و شیعرەوە دەستپێدەکات و ئەو کاتەی کە لەسەر ئەرکی خۆی کتێبی "هیرمان هیسە" بڵاودەکاتەوە، ئیدی هەنگاوەکانی خۆی لەناو جیهانی خوێنەراندا دەنێت، وەک زانیار دەڵێت "ئا لەوێوە خەونەکەی دەستپێدەکات تا ببێتە وەرگێڕێکی خاوەن بەرهەم بە ئامانجی فراوانکردنی بازنەکانی تێگەیشتن و بیرکردنەوە لە کتێبخانەی کوردیدا."
زانیار عەلی، نوسەر و وەرگێڕ، وەڵامی پرسیارەکانی بەرنامەی ژیان لە فەرهەنگدا دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:08 0:00

XS
SM
MD
LG