Accessibility links

ژیان لە فەرهەنگدا: نارین


نوسینی شیعر، یان ڕاستتر بڵێم شاعیر بوون کارێکی هێندە ئاسان و سادە نییە هەموو کەسێک بتوانێت خۆی لە قەرەی بدات، لەو ڕوانگەیەوەی یەکەم کاری شاعیر، گەڕانێکی ماندوونەناسانەیە تا بیرۆکەی وێنە شیعرییەکانی خۆی لە زمانێکی باڵادا نومایشت بکات و تێکەڵیشی بکات لەو ئاوازە نەرمانەی لەگەڵ دنیای شیعرەکەیدا پێکەوە خۆیان بە ئێمە دەناسێنن.

سەرەتاکان لە نیگەرانییەکانەوە لای شاعیر و نوسەر دەستپێدەکەن و هەر ئەو نیگەرانیانەش دەبنە سەرچاوەی پرسیار و گومانەکانی نوسەر و نە ماندووشیان دەکات و نە بێزاریشیان دەکات، بەتایبەتیش کاتێک سەفەر بەناو زماندا دەکات بۆ ئەو جیهانەی تری نوسەر خۆی دەیانخوازێت و دەشیەوێت لەو جیهانە نوێیەدا نیشانی بدات شیعر و خۆشەویستی هاوشانی یەکترن و کرانەوەی دەروازەکانیشە لە بەردەم مرۆڤدا بۆ خۆپاکردنەوە لە هەموو ڕق و کینەیەک، هەر بۆیەشە وەک دەگوترێت لەناو هەموو شاعیرێکی ڕەسەندا بە ئەندازەی جیاواز ڕۆحێکی منداڵانە هەیە و بە گیانێکی سادەی منداڵانەوە دەست دەکاتەوە بە یارییە جوان و پاکیزەییەکانی خۆی لەگەڵ دەوروبەردا.
دوای ڕاپەڕین نەوەیەکی نوێی شیعر هاتە ئاراوە، جیاواز لە نەوەی پێش خۆی، ئەگەر پێشتر چەمکی بەرگری وەک سۆنگەی ئەدەبی بەرگری هەبووبێت بەڵام لەم نەوە نوێیەدا چەمکی یاخیبوون پەرەی سەند و ئامادەییەکی بەرچاوی هەبوو و تا ئێستاش درێژەی هەیە.
تەنانەت هەندێک جاریش ئەو یاخیبوونە لە بێدەنگی شاعیرەکانی دوای ڕاپەڕینیشدا بەرجەستە دەبوو.
ئەڵبەت پێناسەکانی یاخیبوون جودان، هەروەک چۆن تێگەیشتنەکانیش لە یاخیبوون جیاوازن؛ نەک هەر لە نێوان نەوەکاندا بەڵکو لە نێوان تاکەکانی ناو نەوەیەکیشدا دیدوبۆچون و تێگەیشتنی جیاواز هەن.

نارین ڕۆستەم باجەلان، یەکێکە لەو شاعیرانەی نایەوێت لە دنیا شیعرییەکەی خۆیدا بە تەنها بسوڕێتەوە و لە دیوانی "بەرەواژ"دا خوێنەرانی خۆی دەکاتە کاراکتەرێکی دانەبڕاو لە وێنە شیعرییەکانیدا.

نارین هەمیشە دەگەڕێت و لە هەر کاتێکدا یان لە هەرچ شوێنێکدا بێت نایەوێت شیعر دووبارە بکاتەوە و دەخوازێت دێڕەکانی بکەونە خزمەت شیعرەوە نەک شیعرەکانی ببنە قوربانیی لە پێناو دەربڕیندا، ەک نارین دەڵێت سوورە لەسەر ئەوەی شیعرەکانی "لە گەرووی کتێبی نووسەرێک یان دووانی دیکەوە دەرنەچووبن، چونکە ناکام بوون لەوە خۆشترە."
نارین، ئەو شاعیرەیە هەمیشە دەمانبات بۆ قسەکردنێکی ڕژد لەسەر شیعرەکانی، لەسەر ئەو ڕوانینانەی هەیەتی دەربارەی ژیان و بابەتگەلێکی تابو لە ژیاندا.
ئەم شاعیرەمان نایەوێت لەگەڵ شەپۆلی گشتیدا ڕەوت بکات، دەخوازێت لە دنیا سوریالییەکەی خۆیەوە بمانخاتە بەردەم ئەو پرسیارە بابەتیانەی بیرکردنەوەکان بەرینتر دەکەن.
*زۆرێک لەوانەی شیعری نارین دەخوێننەوە و بەتایبەتیش لە دیوانی بەرەواژ، باس لە جیهانێکی تایبەتی سوریالی دەکەن لە شیعری ناریندا، ئایا ئەم شاعیرەمان چ شتێک لە ژیانیدا بە سوریالی دەزانیت تا بەو شێوەیە لە وێنە شیعرییەکانیدا ڕەنگ بداتەوە؟
*شیعری نارین پڕە لە خەمی گەورە و قوڵ، تەنانەت زۆریش دوورە لە ژیانێکی کچانە و لە شیعردا خۆیشی لە ڕۆمانسیەتیش دوور دەخاتەوە، ئایا هۆکارەکە ئەوەیە کە بڕوای پێیان نییە؟
*لەم ماوەیەی ڕابردوودا "ماریا" ی تەمەن بیست ساڵ کوژرا، ئەڵبەت سەدان ماریای تریش لەو نیشتمانەدا کوژران، جا پرسیار لەوەدایە ایا ماریا کەسێکی یاخی بوو یان دڵشکاو بوو لە کۆمەڵگە؟
*ئایا ئەو شتانەی لە کۆمەڵگەیەکی وەک کۆمەڵگەی کوردیدا بە تابو دادەنرێن جا هەرچ شتێک بێت، نوسەری کورد چۆن سەروسەودایان لەگەڵدا دەکات؟
نارینی شاعیر، لە بەرنامەی ئەم هەفتەیەی ژیان لە فەرهەنگدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەداتەوە.

please wait

No media source currently available

0:00 0:30:24 0:00
XS
SM
MD
LG