Accessibility links

مێزگرد: بەغدا و هەولێر و ئایندەی ڕەوشی عێراق


سەرەک وەزیری دەست لەکار کێشاوەی عێراق سەردانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەکات و دەخوازێت پشتیوانی کورد لە وڵاتەکەیدا بەدەست بێنێت.

ئەم سەردانەی عادل عەبدولمەهدی لە نێوەندی هەروادێ و ئاڵۆزبوونی زیاتری قەیرانەکانی عێراقدایە لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی و دەرەوەییش.

هێشتا هیچ ڕاگەیاندنێکی ڕوون و ئاشکرا نەدراوە لەسەر ئەنجامەکانی ئەو سەردانە و ئەوەی دەگوترێت تەنها ئەوەندەیە کە سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەولێر و باسکردنی دواترین پەرەسەندنەکانی ناوچەکە بووە.

دکتۆر ڕێبوار فەتاح
دکتۆر ڕێبوار فەتاح

هەرچۆنێک بێت هەندێک لە میدیاکانی هەرێم باس لەوە دەکەن ئەو سەردانەی عەبدولمەهدی، بۆ بەدەستهێنانی پشتیوانی کوردە ئەگەر دەرفەتی هەبێت جارێکی تر بۆ پۆستی سەرەک وەزیر کاندید بکرێتەوە. ئاماژەش بەوە دەکرێت سەرەک وەزیری دەست لەکار کێشاوەی عێراق لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کورددا باسی لە ئەگەر و نەگەرەکانی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکاش کردووە.

میوانەکانی مێزگرد:

دکتۆر ڕێبوار فەتاح، شیکەرەوەی سیاسی.
کاوە موحەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان.

پێشتر عەبدولمەهدی کە لە پۆستی سەرەک وەزیری عێراقدا بووە، هیچ سەردانێکی بۆ هەرێم نەکردووە، هەندێک سەرچاوەی هەواڵیش دەڵێن لە ساڵی 2003وە عەبدولمەهدی نەچۆتە هەرێم.

لە کۆبوونەوەکانیدا لەگەڵ دەسەڵاتدارانی کورددا (پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان)، عەبدولمەهدی جەختی کردۆتەوە لەوەی بەهیچ شێوەیەک دوژمنایەتی لەگەڵ ئەمریکادا ناوێت.

کاوە محەمەد
کاوە محەمەد

لە ڕاگەیاندنێکی ئۆفیسی سەرەک وەزیری دەست لەکار کێشاوەدا هاتووە، دکتۆر عادل عەبدولمەهدی ژمارەیەک بابەتی تریشی باس کردووە لە هەولێر و لە سلێمانی سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و بەغدا، هەروەهاش مافی خۆپیشاندانی ئاشتیانە و بەرەنجامەکانی قەیرانی ئێستای ناوچەکە و هەروەهاش بوونی هێزە بیانییەکان لە عێراقدا.
هەر لەو ڕاگەیاندنەدا باسیش لەوە کراوە کە عەبدولمەهدی جەختی لەوە کردۆتەوە ئەم قەیرانەی ئێستا ترسناکە و پێویستی بە هاوکاری و ڕێکخستن هەیە، هەروەهاش پڕکردنەوەی تەواوی ئەو کەلێنانەی دەشێت داعش لە ئاوەها ڕەوشێکدا سودیان لێ وەربگرێت.

ئەوەی جێی سەرنجە لەو سەردانەی عەبدولمەهدیدا، بێ لە حکومەتی هەرێم کە پارتی دیموکراتی کوردستان تیایدا زۆرینە و باڵا دەستە، هەر تەنها لەگەڵ بەرپرسانی پارتی و یەکێتیدا کۆبووەوە، لەکاتێکدا داوای پشتیوانی لە هەموو کورد دەکات.

ئەم سەردانەی عەبدولمەهدی بۆ هەرێمی کوردستان، دوابەدوای داواکردنەکەی ماوەی ڕابردووی بوو لە پەرلەمانی وڵاتەکەی تا بڕیاری دەرکردنی هێزەکانی ئەمریکا پەسەند بکات. ئەو دانیشتنەی پەرلەمانی عێراق بەبێ ئامادەبوونی نوێنەرانی کورد و هەروەهاش بەشێکی زۆری عەرەبی سوننە بەڕێوەچوو.

هەر دوابەدوای کوژرانەکەی قاسم سولەیمانی و ئەبومەهدی ئەلموهەندیس، شیعەکانی عێراق لەژێرناوی چوونە دەرەوەی هێزە بیانییەکاندا داوای کردنە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمریکایان دەکرد، بەڵام لەو بڕیارە پەسەندکراوەی پەرلەماندا باس لە دەرکردنی هێزەکانی تورکیا و میلیشیاکانی ئێرانیش نەکراوە.

ئایا ئەگەر کورد پشتیوانی لە مانەوەی عەبدولمەهدی بکات لە پۆستەکەیدا، بڕیارێکی دروستە یان هەڵەیە؟

ئایا چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق کۆتایی بە ئاڵۆزییەکانی ناو ئەو وڵاتە دەهێنێت؟

ئایا ئەم جموجۆڵانەی ئێستای عەبدولمەهدی چەندێک لە بەرژەوەندی هەژموونی ئێرانە لە عێراقدا؟

کاوە موحەمەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و دکتۆر ڕێبوار فەتاح، شیکەرەوەی سیاسی لەم مێزگردەدا وەڵامی ئەم پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش دەدەنەوە:

please wait

No media source currently available

0:00 0:26:22 0:00


XS
SM
MD
LG